بڕینی ئینتەرنێت لە ئێران نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێدەکەوێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە.
مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، رایگەیاند؛ زایانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێرانلە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە.
بە پێی زانیارییەکانی سەدری ؛ زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە.
لە زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەدا دەردەکەوێت لە نزیکەی پێنج مانگدا کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوەتەوە لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە.
پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیاردو 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.
لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.