باوکی فەلەک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
باوکی فەلەک لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کرد لە ریزی گەلدا بوو، لەم پارچەیەی کوردستان بۆ پارچەیەکی ترى کوردستان، لە وڵاتەکەیدا ئاوارە بوو. بەهۆی هونەر و گۆرانیەكەیەوە بە بەردەوامی رووبەرووی گرتن و دەردەسەری دەبووەوە، بەڵام تاوەکو لە ژیاندا بوو، کۆڵی نەدا و بۆ نیشتیمان و گەلەی دەچڕی و گۆرانی دەوت و هیچ کاتێک لە کوردبوونی هەڵنەهات.
باسی هونەرمەندە محەمەد شێخۆ دەکەین کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە 9ی ئازاری 1989دا کۆچی دوایی کرد، بەڵام هونەرکەی هەموو کاتێک بە زیندووەیی هێشتیەوە. ناوی تەواوی محەمەد ساڵح شێخمووس ئەحمەدە. لە ساڵی 1948 لە گوندی گڕباوێی سەر بە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە. لای مامی فێری ژەنینی تەمبوور بووە. حسەینى مامی وەستای دروستکردنی تەمبوور بووە.
هۆگری و شارەزایی مامی لە ژەنینی تەمبووردا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە. وایلێکردووە هەر لە منداڵییەوە حەز بە ژەنینی تەمبوور بکات محەمەد شێخۆ لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا، بووەتە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی سوریا. بەهۆی کزی چاوەکانی و خراپیی دۆخی ئابووری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت. لەگەڵ خانەوادەکەی لە گوندەکەیان دەست بە کاری جۆتیاری دەکات. دواتر بە هونەرمەندانی وەک خەلیلێ ئێزدی، حسەینێ تەوفێ و حەلیمێ حسۆ ئاشنا دەبێت. خۆی فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی دەکات و بەرهەمی کۆمەڵێک شاعیری ئەو سەردەمە دەخوێنێتەوە. دیوانی جگەرخوێنی لەبەربوو و هەموو کاتێک گوێی بۆ ڕادیۆی یەریڤان و بەغدا دەگری.
لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا سەردانی بەیروتی پایتەختی لوبنان دەکات و لەگەڵ هونەرمەندان مەحمود عەزیز و سەعید یوسفدا تیپی مۆسیقای نەورۆز دادەمەزرێنن. لە سەرەتای حەفتاکاندا دەگەڕێتەوە رۆژئاوای کوردستان و بەهۆی گۆرانی و سروودە نیشتمانییەکانیەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە دەستگیر دەکرێت. فشاری لەسەر دروست دەکرێت کە بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگەکانی رژێمی بەعسی سوریا بکات، بەڵام تەنانەت یەکجاریش بەشداری نەکرد.
بەهۆی فشارەکانەوە لە ساڵی 1973 دەچێتە بەغدا و لە رادیۆی بەغدا چەند گۆرانییەک تۆمار دەکات. لەوێ هونەرمەندانی وەک گوڵبەهار، تەحسین تەها، شەماڵ سائیب، بەشار زاخۆیی، محەمەد عارف جزیری و عیسا بەرواری دەناسێت دوای ساڵێک دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق و یەکەم کاسێتی بەناوی “گەورێ” تۆماردەکات. لەبەرئەوەی گۆرانییەکانی سیاسی و نەتەوەیی بوون، دەسەڵاتدارانی سوریا چەندین جار بانگهێشتی دەزگا ئەمنیەکانی دەکەن و بۆیەش روو لە باشوری کوردستان دەکات و دەبێتە پێشمەرگە.
لە ساڵی 1975 دوای تێکچوونی شۆڕش روو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. دوای دوو ساڵ لەگەڵ کچێک بە ناوی نەسرین حسێن مەلەک کە خەڵکی شاری سنەیە هاوسەرگیری دەکات.
چوار منداڵیان بەناوەکانی فەلەک، بێکەس، ئیبراهیم و بروسک دەبێت. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەوڵەتی ئێران فشاری لەسەر دروست دەکات و رێگە نادات، گۆرانیە نەتەوەییەکانی بچڕێت و لە ساڵی 1983 دەگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە قامشلۆ نیشتەجێ دەبێت.
لە قامشلۆ گرۆپێکی موزیک و دواتر ستۆدیۆیەکی تۆمارکردنی گۆرانی بەناوی 'فەلەک' دەکاتەوە. حکومەتی سوریا پەلاماری دەدات و ستۆدیۆکەی دادەخات. محەمەد شێخۆ، لە ژیانیدا هیچ کاتێک خۆشی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینی و دواجار لە 9ی ئازاری 1989 کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە گۆڕستانی گەڕەکی هلێلی قامشلۆ بەخاکدەسپێردرێت.
محەمەد شێخۆ لەنێو کوردداندا بە باوکی فەلەک دەناسرا. زۆر بەرهەمی پێشکەش بە هەگبەی هونەری کوردی کرد کە ژمارەیەکیان ئەمانەن " کۆچی مە بار کرد. نەسرین. ئەی فەلەک. دڵ پەریشانم، گولیزار، ئای گەورێ، ئای لێ گوڵێ "

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار