دهۆک؛ حکومەت مۆڵەتی پاڵاوگە نایاساییەکانی سێمێڵ درێژ دەکاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئیدارەی پارێزگای دهۆك ماوەی دوو مانگی وەكو موڵەت دابوو بە 11 پاڵاوگە بۆ جێبەجێكردنی چەند رێنماییەك، وادەكە كۆتایی هات و مەرجەكانیشیان جێبەجێنەكردووەو بەردەوامن لەكاركردن، حكومەتیش مۆڵەتەكەیان بۆ كاتێكی نادیار درێژدەكاتەوەو ئەمەش هاووڵاتیانی سنورەكەی نیگەران كردووە، دەڵێن: بۆن و دوكەڵی پاڵاوگەكان ژیانی لێهەراسان كردووین.

هەوار جانگیر، دانیشتووی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی  وت:»زیاتر لە 10ساڵە لایەنی پەیوەندیدار هەر دەڵێن چیتر رێگا بەپاڵاوگە نەیاساییەكان نادەین ئیش بكەن بەڵام بڕیارەكان بەتەواوی جێبەجێ ناكرێن، نەك هەر رۆژێك بەڵكو هەر خولەكێك ئەو پاڵاوگایانە ئیش بكەن بۆ ژینگەی قەزاكەو تەندروستی مروڤ خراپە، خەڵكی ناوچەكە بێزاربوون لەبەر بۆنی ناخۆش و دۆكەڵەكەیان، دەمانەوێت بەهەر شێوەیەك بێت بابەتی ئەم پاڵاوگایانە لەبنەڕەتەوە چارەسەربكرێت نەك هەر ماوە ماوە موڵەتیان بۆ درێژبكرێتەوە و بەردەوامبن لەئیشكردن».

سەبارەت بەو پاڵاوگایانە، خەلیل مەحمود قایمقامی قەزای سێمێل بەهاوڵاتی رایگەیاند: «راستە لەكۆتایی ساڵی رابوردوو ئیدارەی پارێزگای دهۆك موڵەتی دوو مانگی دا بە 11 پاڵاوگەی كواشێ، كە لەو ماوەیە تەواوی مەرجەكانی حكومەت جێبەجێ بكەن، بەڵام ئیدارەی پارێزگای دهۆك منی ئاگاداركردوە كە موڵەتەكەیان درێژكراوەتەوەو كاتی موڵەتەكەش دیاری نەكراوە».

خەلیل مەحمود وتیشی:»ئەو پاڵاوگایانە زیاتر لەدوو مانگە لەژێر تاقیكردنەوەدان، پێش تەواوبوونی موڵەتەكەیان لەگەڵ پارێزگاری دهۆك قسەمكرد بەمنی وت جارێ با ئیش بكەن تاكاتی كۆبوونەوە، پارێزگاری دهۆك جددییە لەچارەسەركردنی بابەتی پاڵاوگەكان، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی ئەو بەچەند پرۆژەو یادەكانی مانگی ئادار كەمێك دوادەكەوێت، خەڵكی قەزاكە دڵنیادەكەمەوە كە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە دەدرێت».

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» ئەو پاڵاوگایانە كەئێستا ئیشدەكەن، بەشی زۆریان  گازوایل بۆ موەلیدەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دابین دەكەن».

خەلیل مەحمود وتیشی: ئەو 11 پاڵاوگەیە چەند مەرجێكیان جێبەجێكردووە بەڵام هێشتا هەموو مەرجەكانیان جێبەجێ نەكردووە ، دەستەی ژینگەو هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان سوورن لەسەر ئەوەی كەدەبێت لەو ماوەیە هەموو مەرجەكان جێبەجێ بكەن بەپێچەوانەوە دادەخرێن».

هاوكات دلۆڤان یەحیا، كەخەڵكی كۆمەڵگای مسریكە لەسنوری قەزای سێمێل بەهاوڵاتی وت:»بێهیوا بووین لەچارەسەركردنی بابەتی ئەم پاڵاوگایانە، ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت كەمتر لەكاتژمێرێك هەموویان دادەخرێن و رێگانادەن بەهیچ شێوەیەك ئیش بكەنەوە، شەوانە بۆن و دوكەڵەكەی ئەوەندە بڵاودەبێتەوە ناتوانم وەسفی بكەم، دەرگاو پەنجەرەو هەموو شتێك دادەخەین تاكەمێك ئیسراحەت بكەین هەر كەدەرگاو پەنجەرە بكەینەوە بۆنەكە دێت، بەتەواوی بێزاربووین نازانین چی بكەین».

دلوڤان یەحیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:»حكومەت دەڵێت ئیشمان لەسەر پاڵاوگاكان كردووەو لە 45 پاڵاوگە كردوومانە بە11 پاڵاوگە، ئەوەی كەی چارەسەرە ئەگەر یەك پاڵاوگەش ئیش بكات زۆرە، دوو داواكاریمان هەیە یان بەتەواوی هەموویان دابخرێن یانیش تەواوی مەرج و رێنمایەكانی ژینگە و تەندروستی جێبەجێ بكەن بەتایبەت چارەسەری بۆن و دوكەڵەكەی تازیاتر خەڵك نەبێتە قوربانی».

كۆی گشتی پاڵاوگە نەیاساییەكان 45 پاڵاوگە بوون 26یان داخران و 8 پاڵاوگەش خۆیان وازیانهێناو 11 پاڵاوگەش بەردەوامن لەكاركردن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار