کۆڕەوی ملیۆنی کورد

2 ساڵ لەمەوپێش



ستارە عارف

کۆڕەوەکە لەکۆتایی مانگی ئادار و سەرەتای مانگی نیسانی١٩٩١لەباشوری کوردستان بۆ ڕەتکردنەوەی گەڕانەوەی دەستەڵاتداری ڕژێمی عێراق بۆ کوردستان دەستیپێکرد، بە یەک دەنگی و ئیرادەیەکی بەهێزەوە زیاتر لەدو ملیۆن کورد ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و ئاوارەی سنوری ئێران و تورکیا و چیاکانی باشوری کوردستان بون، وێڕایی ئاوارەیی و ماندوێتی و هەزاران قوربانی و کۆست و چیرۆکی جەرگبڕ و دڵتەزێن لەکۆڕەودا، بەڵام دەنگدانەوە و کاریگەری گرنگی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و ڕای گشتی لەدەوری دۆزی کورد لەم پارچەیە کۆکردەوە.

هۆکاری کۆچ و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان ستەم و تاوانەکانی حزبی بەعسی عێراق بو، کە دو بۆ سێ ساڵ بو تاوان و جینۆسایدی ئەنفالکردنی زیاتر لە١٨٢هەزار کورد و کیمیایبارانکردنی شاری هەڵەبجە و زۆر ناوچەیتری کوردستان و خاپورکردنی دێهاتەکانی کوردستان ڕویان دابو و مەترسی کیمیایبارانکردنی شاری سلێمانیش لەپیلانی عێراقدا بو، ڕاپەڕینی ساڵی١٩٩١ی خەڵکی کوردستانیش سەدام حسێنی لەدژی کورد سەرشێتتر کردبو، چەند هۆکاریتریش کۆڕەوی ملیۆنی کوردیان لەباشوری کوردستان پێکهێنا، جیا لەوەی کورد لەوە دڵنیا بو هیچ دەوڵەتێکی هەرێمی و جیهانی پشتیوانی ناکەن.

کورد تاڕادەیەکی زۆر خەون و هیوای لەهێزی پێشمەرگەدا دەبینیەوە و هێشتا ئەم ستەمکارانەی ئەمڕۆ و بە ناو شۆڕشگێڕانی پێش ساڵی١٩٩١لەلای خەڵکی کوردستان نەناسرابون و کورد هەرگیز بڕوای نەدەکرد ئەو خەباتەی ناویان نابو شۆڕش تا ئەم ئاستەی ئەمڕۆ لەبەعس تاوانکارتر کورد بچەوسێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەیش ئەو کاتە پێشمەرگە ڕێگریان لەخەڵک کرد خۆیان دەرباز بکەن.

ئاوارەبونی کورد: کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لەکوردانی سەرهەڵگرتویی باشوری کوردستان کرد و کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کورددۆستانە هاوکاریان کردین، بەڵام تورکیا وێڕای ئەوەی ئاستەنگی بۆ کوردانی ئاوارەی باشوری کوردستان بۆ سەر سنوری باکوری کوردستان و تورکیا دروستکرد، پاش ماوەیەک بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لەمانگی ئازارەوە تا مانگی ئایاری١٩٩١ زیاتر لە(٢٥٨٤)دو هەزار و پێنج سەد و هەشتا و چوار کوردی ئاوارەی بە بیانوی لێبوردنی گشتی ڕژێمی عێراقەوە ڕەوانەی باشوری کوردستان کردەوە، کە زۆربەیان چارەنوسیان ڕوبەڕوی هەڵدێر بویەوە.

لەپەرتوکی کورد و کوردستان لەبەڵگەنامە نهێنیەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا، کە وریا ڕەحمانی ساڵی٢٠٠٩ لەئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە، باسی هەڵوێستی ژمارەیەک کۆنگرێسمانی لەو سەردەمەدا لەکۆنگرێسی ئەمریکا کردوە، کە ڕەخنەیان لەجۆرج بۆشی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا گرتوە، کە پشتیوان نەبون و کوردی باشوری کوردستانیان لەپەلامار و جینۆسایدە هەمیشەییەکانی ڕژێمی عێراق و سەدام نەپاراستوە، لەکاتێکدا بەشێکیان سەردانی کوردستانیشیان کردوە و کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی سەدام حسێنیان لەدژی کورد بینیوە ونامەیان پێشکەش بە کۆنگرێس و دەزگاکانیتریان بۆ پاراستنی کورد کردوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش ئاماژەیان بە خراپی ڕەوشی سیاسی کورد لەژێر دەستەڵاتی ڕژێمی بەعس کردوە و وتویانە، سەدان هەزار کورد لەجینۆساید و تاوانی سەدام هەڵدێن.

دەرەنجام: کۆڕەو خەباتێکی سپی و ڕەتکردنەوەی ستەم و جینۆسایدی ڕژێمێکی داگیرکار بو، ئەو ڕێپێوانە مەدەنییە ملیۆنییە ناتوندوتیژییە بوە فاکتەرێک، کە وڵاتانی فەڕەنسا و بەریتانیا بەتایبەتی داوای دانانی سنور بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن عێراقەوە و ناوچەی ئارام و دژە فڕین لەبەرژەوەندی کورد بکەن، کە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بڕیاری ناوچەی دژە فڕین و دروستکردنی ناوچەی ئارامیان بۆ پاراستنی باشوری کوردستان پەسند کرد و لەچوارچێوەی هێڵی٣٦دا فڕینی فڕۆکەی ڕژێمی عێراق قەدەغە کرا و کورد بە گەرەنتیەوە بۆ کوردستان گەڕانەوە، یەکەمجار بو دۆزی کورد گەرەنتی نێودەوڵەتی وەربگرێت و لەو زەمینە گرنگەدا و لەهەڵبژادرنی١٩/٥/١٩٩٢دا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە کایەوە.

دەستەڵاتی کوردی چیکرد؟.. دەستەڵاتی سیاسی بە ناو کوردی لەجیاتی پاراستنی ئەو گەرەنتیە و ڕێزگرتن لەو ئیرادە بەهێزەی میللەت و هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئەوەی دۆزی کوردی بە نێودەوڵی بکرێت و سەربەخۆیی ڕابگەیەنین و زیاتر متمانەی جیهانی و ناوخۆیی بەدەستبهێنن، ساڵانە ئیرادەی ڕەتکردنەوەی ستەمکاری لەلای میللەت بەهێز بکەن و چالاکی سیاسی و گەورە لەساڵیادی کۆڕە و کۆژانەکانماندا ئەنجامبدەن و وڵات لای نەوەی نوێ شیرین بکەن، دەستیان دایە تاڵانی و شەڕی ناوخۆ و کورد کوشتن و بچوکایەتی بۆ وڵاتانی دوژمنی کورد و دیسانەوە گەڕانەوە ژێر چنگی عێراق و هەتا سەدامیش، ئەمڕۆ سی و دو ساڵ دەبێت کۆڕەو ڕویداوە، دەستەڵاتی سەرکوتکاری و ستەمکاری دەستەڵاتی دو بنەماڵەیش دوای دنیایەک تاوان دژی میللەتی کورد لەگلۆربونەوەدان، ئەوان نەیانتوانی ئەو متمانە نێودەوڵەتیە بپارێزن، بەڵکو لەئاستی نێودەوڵەتیدا حکومەتی لەدایکبویی کۆڕەو و ئیرادەی میللەت بە کارتۆنی لەقەڵەمدەدەن، دەکرێت کورد وەک نەتەوە جیا لەدەستەڵاتی تاڵانکار هەوڵی بەهێزکردنەوەی ئەو ئیرادە کوردییە و بەدەستهێنانەوەی متمانەی نێودەوڵەتی و ڕەتکردنەوەی ستەمکاری دەستەڵات و لەناوبردنیان بدەینەوە، بۆ ئەوەی ساڵیادی کۆڕەو وەک خاڵی وەرچەرخێنەر و نیشاندەری ئیرادە و بەهێزی کورد پێناسە بکەینەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار