پەرلەمانی سوید دەنگ بە یاسای بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران دەدات
سوید هەوڵ دەدات سوپای پاسداران لە ئەوروپا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی لە نمایشێكی سوپای پاسداران
2 ساڵ لەمەوپێش
گەڵالەی بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەرلەمانی سوید خرایە دەنگدانەوە و بڕیارە حکومەتی ئەو وڵاتە هەوڵەکانی بۆ بەتیرۆریست ناساندنی ئەو سوپای لە ئەوروپا دەست پێبکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سوید گەڵالەی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی لە دانیشتنی پەرلەماندا خستە دەنگدانەوە و هەر هەشت پارتەکەی ئەو وڵاتە و 349 پەرلەمانتار دەنگیان پێدا و بڕیارە وەک پڕۆژە یاسایەک لە لایەن حکومەتەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مارکوس ویشێل، پەرلەمانتاری سوید لە پەیامێکیدا لە تویتەر، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی پێشنیاری ئەوی پەسند کردوە تا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەل سوپای پاسدارانی ئێران بکرێت.
ئەو لە پەیاماکەیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دەربڕیوە و نوسیویەتی "بەو هەنگاوە لاپەڕەیەکی دیکەمان لە مێژودا کردوەتەوە".
پێشتر پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بەتیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسدارانی لە ئەوروپا پەسند کرد بەڵام دەبێت وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمیسیۆنی یەکێتییەکە ئەو پڕۆژە یاسایە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.