کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا لەبارەی کشانەوەی ئینجە چی دەڵێن؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی مەمەلەکەت کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید کردبوو،  کشایەوە و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و کاندیدەکانی دیکەی پۆستی سەرۆکایەتیش لەم بارەیەوە بۆچوونی خۆیان دەربڕی و وەها دەردەکەوێت کە ئەردۆغان بەم هۆیەوە نیگەرانە.

کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) لەم بارەیەوە وتی، " پێشتریش بانگەوازم بۆ موحەڕەم ئینجە کردووە و تاوەکو ئێستاش بانگەوازییەکەم بەردەوامە. نیگەرانی و تووڕەیی جاران بخەرە گۆشەیەکەوە ئیدی. چاوەڕێ دەکەم بەڕێز ئینجە بێتەوە سەر سفرەی تورکیا. تکایە فەرموو و وەرەوە."

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆکایەتیش رایگەیاند کە بەهۆی کشانەوەی ئینجە نیگەرانە و وتی، " کاندیدێکی تاک بوو و کشایەوە. بە راستی نیگەرانی کردم. خۆزگە لەم کێبڕکێیەدا تاوەکو کۆتایی بەردەوام بوایە."

سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیش ئاماژە بەوەکرد کە تاوەکو کۆتایی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوو راپرسی لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکرانەوە. کۆمپانیاکانی یونەیلەم و کۆندا ئەنجامی راپرسیەکانیان بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپرسیەکان، کەمال کلچدارئۆغلۆ دەتوانێن ٤٩٪ و زیاتری دەنگەکان بەدەست بهێنێت. لە بەرامبەردا دەنگەکانی ئەردۆغان لە ٤٤٪ تێپەڕ ناکەن.

لە راپرسیەکانیشدا دەنگەکانی موحەڕەم ئینجە لەنیوان ١.٥٪ و ٢٪ بوون، بەڵام لەم حاڵەتەدا کە ئینجە کشاوەتەوە، بەهۆی ئەوەی دەنگدەرانی پێشتر دەنگدەری جەهەپە بوون، ئەگەرێکی زۆرە هیچ نەبێت نیوەی دەنگدەرانی، دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و بەم شێوەیە، پێشبینی دەکرێت، کلچدارئۆغلۆ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا شکست بە ئەردۆغان بهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار