ئەمریکا دژی ئێران ژمارەی هێزەکانی لە کەنداو زیاد دەکات

واشنتۆن: کۆماری ئیسلامی ئامانجی شێواندنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

بەلەمەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە کەنداو

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمریکا رایگەیاند؛ جموجۆڵەکانی ئێران و رێگریی لە کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوە هیچ بیانویەک هەڵناگرێت و ئاشکرای کرد ژمارەی هێزەکانی لە کەنداو زیاد دەکات.

جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی (پنتاگۆن) بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی و سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرقاڵی هەنگاوی نوێیە بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لە کەنداو.

کیربی وتی: ئەمریکا رێگە بە هیچ هێزێکی دەرەکی و ناوچەیی نادات ئازادیی کەشتیوانی و جوڵەی بازرگانیی لە ئاوەکانی کەنداو بخاتە مەترسییەوە بە تایبەت لە گەروی هورمز.

بە وتەی ئەو رێگرییەکانی ئێران و بێزارکردنی کەشتییە بازگانییەکان لە کەنداو هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و ئەمریکا دژی ئەو جموجۆڵانە دەوەستێتەوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە؛ لە چەند رۆژی داهاتودا وردەکارییەکانی ئەو هەنگاوەی پنتاگۆن بڵاو دەکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ژەنەڕال مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پیران (سینا)ی وڵاتەکەی رایگەیاندوە؛ بەرنامەی ئەتۆمیی و هەوڵەکانی ئێران لە رێگای چەکدارانییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرفراوانتر بوە.

میلی وتویەتی: پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەکدارە تیرۆریستەکانی ناوچەکە زۆرتر بوە و ئامانجیەتی لەو رێگەیەوە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچەیەش روبەڕوی کێشە بکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار