سەوزەکانی ئەوروپا: ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا پشتگیری لە گۆڕانکاری دەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرپرسانی پارتی سەوزی ئەوروپا رایانگەیاند، پێویستە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا نەکرێت و ئاماژەیان بەوەدا کە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا پشتگیری لە گۆڕانکاری دەکەن.

پارتی چەپی سەوزی ئەوروپا راگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە کە واژۆی میلانی ڤۆگیل هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوزی ئەوروپا و مینا جاک تۆلو ئەندامی کۆمیتەی پارتی سەوزی ئەوروپا و ڤیلا تستی ئەندامی کۆمیتەی پارتی سەوزی ئەوروپای لەسەرە.

پارتی سەوزی ئەوروپا لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، " ئەردۆغان ٢٠ ساڵە تورکیا بەڕێوە دەبات. لە ١٠ ساڵی دواییدا، حکومەت هەم لە تورکیا و هەم لە دەرەوەی تورکیا بەرەو دەسەڵاتێکی تاکەکەسی هەنگاوی ناوە. هێرشەکانی بۆ سەر پێکهاتەی کورد و وڵاتانی دراوسێ تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە.

فشارەکانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن، میدیای سەربەخۆ، ئازادی ئەکادیمی و مافەکانی ژنان بەردەوامە، مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل دەکات. هەڵاوسان زیادی کردووە و گەل ئیدی ناتوانێت خواردن و پێویستی رۆژانەی خۆی فەراهەم بکات."

پارتی سەوزی ئەوروپا باسی ئەوەش دەکات، " فشارەکانی سەر هەدەپە بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت لە تورکیا گۆڕانکاری دروست ببێت. لەم بڕوایەداین کە تورکیا پێویستی بە دیموراسی هەیە. شەرمێکی گەورەیە کە رژێمی ئەردۆغان هەوڵ دەدات فشار لە هاوکارە سیاسیەکانمان بکات. فشاری ئەردۆغان لەبەرامبەر هەدەپە شەرمەزار دەکەین. هێرشەکانی ئەردۆغان نە تەنیا لەدژی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵکو هێرشەکە لەدژی پرۆسەی دیموکراسییە."

پارتی سەوزی ئەوروپا لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وتی، " هیوادارین هاوڵاتیانی تورکیا بۆ مافی دیموکراسی خۆی، رۆژی یەکشەممە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بانگەوازیمان لە بەرپرسانی تورکیا ئەوەیە کە دەستوەردان نەکەن و رێگە بدەن هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان بەڕێوە بچێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار