دوایین کۆبونەوەی جەماوەری پارتی چەپی سەوز لە ئامەد دەستی پێکرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆی لە شاری ئامەد باکوری کوردستان دەست پێکرد.

میتینی پارتی چەپی سەوز لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد دەستی پێکرد و لایەنگرانی پارتەکە لەژێر گەمارۆی پۆلیس بەرەو گۆڕەپانەکە دەڕوون.

لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری پارتی چەپی سەوزدا، میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکرات گەلان، ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، ساڵیحە یڵدز هاوسەرۆکی گشتی

پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، ئایەتوڵلا ئاشیتی سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی، بایرام بۆزیەڵ سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز لە شاری ئامەد بەشداری لە کۆبونەوە جەماوەرییەکە دەکەن و بۆ لایەنگرانیان قسە دەکەن.

پۆلیسی تورکیا گۆڕەپانەکەی بە تەواوی گەمارۆداوە و ئەوانەی دەچنە نیو گۆڕەپانەکە دوو جار پشکنینیان بۆ دەکرێت. بڕیارە سبەینێ ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە بچێت.

بەرپرسانی پارتی چەپی سەوز رایانگەیاندووە کە لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمان ئامانجیانە ١٠٠ کورسی بەدەست بهێنن. پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدات. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکانیش کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجام دراون، کلچدارئۆغلۆ لە پێش ئەردۆغانەوەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار