کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا: هەڵبژاردنی تورکیا چووە خولی دووەمەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەی تورکیا بە فەرمی رایگەیاند کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا چووەتە خولی دووەمەوە کە بڕیارە لە ٢٨ی مانگ ئەنجام بدرێت.
ئەحمەد یەنەر سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چووە خولی دووەم و وتی، "28ی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچێت."
ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەردۆغان ٤٩.٢١٪، کلچدارئۆغلۆ ٤٤.٨٨٪ و سینان ئۆغان ٥.١٧٪ی دەنگەکانیان بە دەست هێناوە.
دوێنێ ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە چوو و بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی، ئاکەپە ٢٦٧ کورسی پەرلەمان، جەهەپە ١٦٨ کورسی، مەهەپە ٥٠ کورسی، پارتی باش ٤٤ کورسی، پارتی چەپی سەوز ٦٣ کورسی، پارتی رەفاحی نوێ چوار کورسی و پارتی کرێکارانی تورکیا چوار کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.