لە ئۆپراسیۆنێکی دژە تیرۆری هەسەدە و یەکێتیدا داعشێک کوژرا و ٤ داعش دەستگیرکران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانیان لە رەققە دوو ئۆپراسیۆنیان لەدژی تیرۆریستانی داعش ئەنجام داوە.
هەسەدە دەڵێت، " یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)ی سەر بە هێزەکانمان، بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هێزەکانی دژە تیرۆری باشوری کوردستان (جی تی جی) (دژە تیرۆری یەکێتی) لە ماوەی دوو رۆژدا دوو ئۆپراسیۆنی ئەمنیان لە شاری رەققە ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنێک لە ١٣ی ئایاردا ئەنجامدراوە و وتی، " دوای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، یات شانەیەکی داعشی لە شارۆچکەی کەرامای سەر بە رەققە کردە ئامانج. ئەو شانەیەی داعش هاوکاری هاتوچۆی تیرۆریستانی داعشی لە رەققە و حەسەکە دەکرد.
هەروەها هەوڵی دەدا کە زیندانی و خانەوادەی داعشەکان لە کەمپی هۆڵەوە بۆ سەرێکانی و گرێ سپی بگوازێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " لە ئۆپراسیۆنەکەدا، ئەندامانی شانەکە گەمارۆدران و بانگەوازیان لێکرا کە خۆیان رادەست بکەن. تیرۆریستێک هەوڵیدا هەڵبێت و تەقەی کرد. هێزەکانمان بە ناچاری وڵامیان دایەوە و شەڕ روویدا. لە ئەنجامدا تیرۆریستێک بەناوی فەیسەڵ عەلی ئەلخەلەف کوژرا و تیرۆریستێکی دیکە بریندار بوو."
هەسەدە دەڵێت، " ئۆپراسیۆنی دووەم لە ١٤ی ئایاردا ئەنجامدرا. یەکینە شەڕکەرەکانمان لە ئاسمانەوە لە شاری رەققە نیشتنەوە و شانەیەکی چالاکی رێکخستنی داعشی تیرۆریستیان کردە ئامانج.
ئەو شانەیە پلانی ئۆپراسیۆنی تیرۆریستیان لەدژی هەرێمەکە رێکدەخست. لەم دواییانەدا پلانی هێرشی خۆکوژیان لەدژی ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکەیان داڕشتبوو. لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا ٣ تیرۆریست دەستگیرکران. هێزەکانمان دەستیان بەسەر بڕێک کەلوپەلی سەربازی و تەکنیکیدا گرت."