لە 30 ساڵدا 550 ملیارد دۆلار لە ئێران بەفیڕۆ دەدرێت

داهاتی دانیشتوانی تاران لە 85%ی خەڵکی ئێران زیاترە

11 مانگ لەمەوپێش



شارەزایانی ئابوریی ئێران رایدەگەیەنن بەهۆی خراپ بەکارهێنان و شکستی پڕۆژەکان زیاتر لە 500 ملیارد دۆلار لە وڵاتەکە بەفیڕۆدراوە.

رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە ماوەی 30 ساڵی رابردودا هەژاریی و بێکاریی بە بەردەوامیی بەرز بوەتەوە و جیاوازیی چینایەتیی بەهۆی گرنگیدان بە شارە گەورەکانی وەک تاران-ی پایتەخت لە پارێزگاکانی دیکە زۆر زیادی کردوە.

حوججەت میرزایی توێژەرەی ئابوریی ئاماژە بەوە کردوە کە 85%ی دانیشتوانی ئێران داهاتیان لە دانیشتوانی شاری تاران کەمترە و بێکاریی لە نزیکەی 40%ی دانیشتوان وڵاتەکە دەگاتە زیاتر لە 15%.

فەرشاد موئمینی، شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بە رۆژنامەی شەرقی راگەیاندوە؛ بە هۆی پلانی گواستنەوەی کەرتی حکومی بۆ کەرتی تایبەت، زیاتر لە 350 ملیارد دۆلار بەفیڕۆ دراوە.

موئمینی وتوشیەتی لە ماوەی سێ دەیەی رابردودا لانیکەم نزیکەی 200 ملیارد دۆلاری دیکەی نەوەیەکی ئێران بە بیانوی پلانی گواستنەوەی کەرتەکان لە حکومییەوە بۆ تایبەت، لەناوچوە و هیچ بەڵێنێکی دەسەڵات لە چوارچێوەی پلانی کەرتی تایبەتدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە.

لە راپۆرتێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان لە ئێران دەرکەوتوە هەژارەکانی ئەو وڵاتە بە پێی داهاتەکانیان دەبێت 248 ساڵ چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی بتوانن پارەی کڕینی خانو و یان شوێنی نیشەجێبونی وەک شوقە کۆبکەنەوە.

بە پێی دوایین ئامار هێڵی هەژاریی لە ئێران گەیشتوەتە 21 ملیۆن تمەن کە نزیکەی (400) دۆلار دەکات و زیاتر لە 60%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە هەژار ئەژمار دەکرێن داهاتی خێزانەکان کەمترە لەو بڕە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار