وەزارەتی تەندروستی عێراق: ژمارەی توشبوانی تای خوێنبەربون بۆ 119 حاڵەت بەرزبوەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی توشبوانی تای خوێنبەربون بۆ 119 حاڵەت بەرزبوەتەوە، لەنێویاندا 18 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە، یەکێک لە توشبوەکانیش لە شاری هەولێرە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندوە، "حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانی توشبون بە تای خوێنبەربون بەرزبوەتەوە بۆ 119 حاڵەت، لەنێویاندا 18 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە، کە ئەمڕۆ دو حاڵەتی مردن لە واست و موسەننا تۆمارکراون".

ڕونیشیکردەوە، زۆربەی توشبوەکان لە زیقاڕ چڕبونەتەوە کە گەیشتوەتە 35 حاڵەت، دواتر بەسڕە دێت کە 18 حاڵەت لەو پارێزگایە تۆمارکراون.

هەروەها لە موسەننا 10 حاڵەت، میسان هەشت توشبو، نەجەف هەشت توشبو، لە بەشی رەسافەی بەغدا شەش توشبو، لەسەڵاحەدین پێنج توشبو، لە کەرخی بەغدا پێنج توشبو، لە دیالە و دیوانیە هەریەکەیان چوار توشبو، لە واست و بابل پێنج توشبو، کەربەلا سێ، ئەنبار دو، لە هەولێریش یەک حاڵەت تۆمارکراوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە زیقاڕ بون، کە شەش حاڵەت بون، هەروەها سێ حاڵەتی مردن لە موسەننا تۆمارکراون. 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەشیخستەڕو، پێویستە لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو مێروەی کە نەخۆشی تای خوێنبەربون دەگوازێتەوە، هاوکات پێویستیشە لەسەر هاوڵاتییان گۆشت لە فرۆشگا ڕێگەپێدراوەکان بکڕن و دوربکەونەوە لە کڕینی گۆشت لەسەر شەقام و رێگەوبانەکان.

تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار