کلیچدارئۆغڵۆ هانا بۆ ئەرگەنەکۆن دەبات....

11 مانگ لەمەوپێش



ئارام رەفعەت

ئەمڕۆ کلیچدارئۆغڵو بە پەلەپروزێ خۆی گەیاندە ئومێد ئۆزداغ.

ئومێد ئۆزداغ، یان وەک تورک دەڵێت ئومیت، فیگەرێکی گورگە بۆرەی فاشیستە.

ئەو یەکێک بوو لە باڵە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی ئاتا، کە سینان دۆغان کاندیدی سەرۆکایەتییان بوو.

پێشتریش، لە ٢٠١٥، جێگری سەرۆکی مەهەپە بوو، واتە جێگری دەوڵەت باخچەلی بوو.

دۆغانیش بەهەمان شێوە بەرپرسێکی باڵای مەهەپە بوو. هەردووکیشیان، ئۆزداغ و دۆغان، لەسەر لیستی مەهەپە ماوەیەک پەرلەمانتار بوون و دواتریش لەو حیزبە جیابوونەوە.

مەهەپە، واجیهەی جوڵانەوەی گورگە بۆرەکانە، کە رەوتێکی هەرە فاشیستی تورکین. لەم سەردەمەدا لەکەم وڵاتی دونیا جوڵانەوەی فاشیستی لەم جۆرە هەیە.

گورگە بۆرەکان، لەبنەڕەتدا خاوەن و رێکخەر و ئاراستەکەری دەوڵەتی قووڵن لە تورکیا. دەوڵەتی قووڵ لەتورکیا بە ئەرگەنەکۆنیش ناسراون.

ئەرگەنەکۆن زاهیرەن لەدەسەڵاتدا نین.

بەڵام ڤیزای چوونە دەسەڵاتی تاک بەتاکی سەرکردە تورکەکانییان لە گیرفاندایە.

لە راستیدا، سەرتاپای رژێمەکانی تورک واجیهەی ئەم دەوڵەتە قووڵەن.

بۆ ئەوەی بگەیتە دەسەڵات دەبێت بگەیتە ئەرگەنەکۆن.

کلیچدارئۆغڵو درەنگ لەیارییەکە گەییشت، یان درەنگ تەسلیمی ئەم یارییە بوو.

ئەو دوای شکستی لەهەڵبژاردنەکاندا، خۆی رادەستی ئەرگەنەکۆن کرد.

ئەردۆغان دەمێکە لەو یارییە گەییشتووە.

ئەو دەمێکە چارەنووسی خۆی داوەتە هەردوو باڵە سەرەکییەکەی ئەرگەنەکۆن.

لە تورکیا ئەرگەنەکۆن دوو باڵی سەرەکی هەیە.

باڵی یەکەم بە باڵی ئەتڵانتیکی دەوڵەتی قووڵ ناسراون و کە خۆیان بەلایەنگری رۆژاوا دەزانن. دەوڵەت باخچەلی یەکێکە لەرایەدارەکانی ئەم باڵە.

باڵی دووەمیش، بە ئەوراسیاییەکان ناسراون، کە پێشتر لایەنگری سۆڤییەت و ئێستاش روسیای پۆتینن.

دۆغو پیرەنچیکی شیوعی و هاوپەیمانی روسیا رابەرایەتی ئەم باڵە دەکات.

ئەم دوو باڵەی ئەرگەنەکۆن، پێکهاتەی سەرەکی حوکمڕانییەکەی ئەردۆغانن.

لانی کەم، دوای لێکترازانی ئەردۆغان و گولەنییەکان، کە ئەویش دەیەویست، باڵە ئیسلامییەکەی دەوڵەتی قوڵ بێت، ئەردۆگان چارەنووسی خۆی خستە دەست ئەم دوو باڵەی ئەرگەنەکۆن.

لەراستیدا حوکمڕانییەکەی ئەردۆغان هاوپەیمانێتییە، نەک حوکمی رەهای ئەردۆغان و ئاک پارتی.

حوکمرانیەکەی ئەردۆغان سێ پایەی هەیە، یان هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵییە.

سێ پایەی حوکمڕانییەکەش ئەردۆغان و باخچەلی و پەرینچەکن.

ئەم دوانە، باخچەلی و پەرینچەک، لە زاهیردا لەناو رژێمەکەی ئەردۆغاندا بێ کارەن، بەڵام لە واقیعدا هەمە کارەن.

پەرینچەک ئەردۆگانی بۆ روسیا برد و لە ناتۆی دوورخستەوە و باخچەلیش ئەردۆغانی بۆ عەفرین نارد و کێشەکانی تورکیای هەناردەی دەرەوە کرد.

ئەوە پەرینچەک و باخچەلیشن کە ئەردۆغانییان کردۆتە حاکمی موتڵەق و هەر ئەوانیشن یاری کش مەلیکییان بەدەستەوەیە.

لەم گەمە ئەرگەنەکۆنییەدا، ئەردۆغان زیاتر لە بوکەڵەیەک دەچێت، خۆیشی ئەوە دەزانێت و بەڵام ئەم بوکەڵەبوونەی قەبوڵە.

لەراستیدا ئەردۆغان دەمێکە لەو یارییە گەییشتووە.

ئەو دەزانێت بۆ ئەوەی ببێتە سوڵتان، دەبێت ببێتە بووکەڵەی ئەگەنەکۆن. ئەو ئێستا بوکەڵەی باخچەلی پیرەنچیکە.

هەر بۆ بیرهێنانەوەی برایانی ئیسلامی سیاسی کورد، بەتایبەت برایانی ئیخوانی:

پرینچەک، نەک هەر چەپ و عەلمانی و هاورەگەزخوازە، وەک خۆتان دەڵین، بەڵکو مولحیدێکی موتڵەقیشە.

ئەردۆغان ناچارە ئەو بوکەڵەییە قەبوڵ بکات، چونکە لەوە تێگەییشتووە کە ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی ئەو دەدات، دەنگی ناو سندووقەکان نیین، دەنگی ناو ئەرگەنەکۆنە.

کلیچدارئۆغڵوش دەیەوێت ببێتە بوکەڵە.

ئەو ئێستا یەک ئاواتی هەیە، ئاواتی بوکەڵە بوون، بوکەڵەی ئەرگەنەکۆن.

ئەو ئێستا لەیارییەکە تێگەییشتووە،

بەڵام درەنگ تێگەییشت.

ئەوەی بۆ کلیچدارئۆ‌غڵو ماوەتەوە، سینان ئۆگان و ئومیت ئۆزداغە.

گرفتی کلیچدارئۆغڵو ئەوەیە ئۆگان و ئۆزداغ پارچە شکاوەکانی دەوڵەتی قوڵن.

بەڵام گرفتی کلیچدار ئۆغڵو هەر ئەوە نییە،

ئۆزداغ و ئۆگان مەیلی کلیچدارئۆغلوویان نییە و مەیلی ئەردۆغانییان هەیە.

کلیچدارئۆغڵو گرفتێکی تری جدیشی هەیە،

ئەو درەنگ کەوت، درەنگ.

لە وەقتی زائیعدا پەنای بۆ دەوڵەتی قوڵ برد.

ئەو درەنگ زانی کە هیچ کەسێک بێ پسولەی ئەرگەنەکۆن پاشەڵی ناخاتە سەر ئەو وکرسییەی کە لە ئەتاتورکەوە بەجێماوە، کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورک.

ئەرگەنەکۆن بڕیار دەدات کێ لەسەر ئەم کورسییە دادەنیشێت.

ئەگەر، بەگریمانە بێ رەزامەندی ئەرگەنەکۆن بچنە سەر ئەم کورسییە، وەک تورگۆت ئۆزال کردی،

ئەوا چارەنووس وەک هی ئۆزال تراژیدی دەبێت.

دواجار، کلیچدارئۆغلو دەبێت ئەوە بزانێت کە،

ئەو بێ خاوەنە و ئەردۆغانیش خاوەنی هەیە.

خاوەنێک کە ناوی ئەرگەنەکۆنە و خاوەنێک کە هیچ کارە نییە و هەمە کارەیشە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار