هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ دەتوانن لە کونسوڵخانە، باڵیۆزخانە و دەروازە سنوریەکان دەنگ بدەن. لە ٧٣ وڵات، ١٥١ ناوەند کراونەتەوە و ١٦٧ سندوق دانراون، هەڵبژاردنەکە تاوەکو کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت.
لە ٢٨ی ئایاردا دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناوخۆی تورکیاش کۆتایی هات، دەنگەکانی دەرەوەی وڵات لە رێگەی ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە، رەوانەی تورکیا دەکرێن.
بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان کە دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە دەرەوەی تورکیا ملیۆنێک و ٦٧٦ هەزار و ٢٦٣ کەس و لە دەروازەکانیشدا ١٤٦ هەزار و ٨٤٧ کەس لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دەنگیان دابوو، واتە ٥٣٪ی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو.
کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دەرەوەی تورکیا ٩٦٧ هەزار و ١٨٠ دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان ٨٠ هەزار و ٥٦٧ دەنگی بەدەست هێناوە.
هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵوش؛ لە دەرەوەی تورکیا ٦٦٥ هەزار و ١١١ دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان ٥٦ هەزار و ٣١٨ دەنگی بەدەست هێناوە.