ئێران کات بۆ دەرکردنی هێزە کوردییه نەیارەکانی لەهەرێمی کوردستان دادەنێت
فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: ئەگەر عێراق هێزە کوردیەکان دەرنەکات هێرش دەکەینەسەریان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران جارێکی دیکە هەڕەشە لەهێزە کوردیەکانی دژبەری دەکات کە لەهەرێمی کوردستانن، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دەڵێت ئەگەر عێراق ئەو هێزانە دەرنەکات هێرش دەکەنەسەریان.
محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند: “چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کاتمان پێداون بۆ ئەو کارە و ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە بەردەوام دەبن.”
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران، بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوەتە سەر.
ئێران حزبە کوردیەکان تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و ناردنی چەک لە ڕێگای قاچاغەوە بۆ ئەو وڵاتە.تۆمەتەکەش بەردەوام لەلایەن حزبە کوردیەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە.