سوریا: تاوەکو سوپای تورکیا لە خاکەکەمان نەکشێتەوە رێکناکەوین

یەک ساڵ لەمەوپێش



وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، بە مەرجێک پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا ئاسایی دەکەنەوە کە سوپاکەی کە خاکەکەیان بکشێنێتەوە.

فەیسەڵ مەقدید وەزیری دەرەوەی سوریا دوای ئەوەی وڵاتەکەی گەڕایەوە نێو کۆمکاری عەرەبی، بۆ کەناڵی روسیا تۆدەی، لەبارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا و ناوچەکە قسەی کرد.

فەیسەڵ مەقدید لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە کە تورکیا هەموو هێزەکەی لە باکوری سوریا بکشێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی سوریا دەشڵێت، لە کاتێکدا کە ئەنقەرە بەشێک لە خاکی سوریای داگیرکردووە، حکومەتی سوریا ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی بکاتەوە.

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریاش، مانگی ئازار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی روسیا رایگەیاندبوو، تاوەکو سوپای تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێتەوە، هیچ واتایەکی کۆبونەوەی نێوان ئەو و ئەردۆغان نییە و وتبووی، " پێویستە تورکیا دەست لە پشتگیریکردنی گروپە تیرۆریستیەکان هەڵبگرێت و هەوڵ بدات دۆخی سوریا بگەڕێتەوە بەر لە شەڕی ناوخۆیی وڵات، ئەو کاتە پەیوەندیەکان دەتوانرێت ئاسایی بکرێنەوە."

پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا لە کۆتایی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد. تورکیا لە رێگەی روسیاوە دەستپێشخەری کرد و تاوەکو ئێستا چەندین جار بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری روسیا و چاودێری ئێران لە مۆسکۆ کۆبونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نزیکبوونەوەیەک رووی نەداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار