هێزە ئەمنیەکانی تورکیا ٢٤ رۆژنامەنوس و ئەندامی هەدەپەیان دەستگیرکرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لە چەند شارێکی تورکیا ٢٤ رۆژنامەنوس و ئەندامی هەدەپەیان دەستگیرکرد.

لەسەر فەرمانی داواکاری کۆماری مێرسین، ئەمڕۆ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک رۆژنامەنوس و ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).

ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکە لە شارەکانی مێرسین، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئەدەنە و ئیزمیر بەڕێوەبراوە.

هەروەها باسی ئەوەی کرد کە دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی ٢٨ کەسی داوە، بەڵام تاوەکو ئیستا ٢٤ کەس دەستگیرکراون و دەڵێت، " لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا دەرگای ماڵان شکێندراون و دەست بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنوسی و لاپتۆپی داواکراوەکاندا گیراوە.

دوێنیش لە ئەنقەرە ئۆپراسیۆن لەدژی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە ئەنجامدرا و بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا ١٩ کەس دەستگیر کرابوون.

دەستگیرکردنی ئەندام و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و رۆژنامەنوسان لە کاتێکدایە کە یەکشەمەی داهاتوو ٢٨ی ئایار، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچێت.

بەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیشدا کە ١٤ی ئایار بەڕێوەچوو، نزیکەی ٢٠٠ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە و رۆژنامەنوسی کورد دەستگیرکرابوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار