لە دوو رۆژدا حەوت کەس لە رۆژهەڵات و ئێران لە سێدارە دەدرێن
لە شەش مانگدا 284 کەس لە سێدارە دراون
وێنە؛ زیندانی ورمێ
2 ساڵ لەمەوپێش
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاویان کردەوە ژمارەیەک بەندکراو لە زیندانەکانی ورمێ و کرمان و ئەسفەهان لەسێدارە دراون.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی عەلی پیری، تەمەن 40 ساڵ لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەداروە.
بە پێی زانیارییەکان ئەو ناوەندە، پیری بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ماوەی سێ ساڵ لە زیندانی ورمێ بەند کراوە بەرەباینی ئەمڕۆ لەو زیندانە لەسێدارەدراوە.
هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ دوو کەسی تەمەن 39 و 55 ساڵ رۆژی پێنجشەممە لە زیندانی کرمان لەسێدرارە دراون کە تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانیان روبەڕو کراوەتەوە.
رێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە چوار کەس لە زیندانکانی ئەسفەهان و جیرۆفت لە کرمان بە تۆمەتی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.
بە پێی ئامارەکانی مافی مرۆڤ؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ پێنجشەممە لانیکەم 284 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون.