راپرسی: زۆربەی دەنگدەرانی سینان دەنگ بە كلیچدارئۆغلۆ دەدەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كۆمپانیای سۆدەڤ كە لەبواری لێكۆڵینەوەو راپرسی كاردەكات، راپرسیەكی لەنێو ئەو كەسانەدا ئەنجامدا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە.
كۆمپانیای سۆدەڤ ئاماژەی بەوەكرد كەپرسیار لەهەزارو 906 دەنگدەری پێشووی سینان ئۆغان كراوە كە لەخولی دووەمدا دەنگ بەكام كاندید دەدەن؟ ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بووە: كلیچدار ئۆغلۆ ٤٠%، ئەردۆغان ٢٢.١%، دەنگ نادەم ٢٨.٦% و ٤.٣ی دەنگدەرانی پێشووی ئۆغانیش خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە.
هەروەها لەزۆربەی ئەو راپرسیانەی كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەرەوڕوو لەشەقامەكاندا ئەنجامدەدرێن، هاووڵاتیانی توركیا رەخنەی توند لە سینان ئۆغان دەگرن، بەهۆی ئەوەی پشتگیری لە ئەردۆغان كردووە.
ماڵپەڕی ئارتی گەرچەكی نزیك لەهەدەپەش لەهەواڵێكی رایگەیاند، تەنیا لەتویتەردا زیاتر لە ٦٠ هەزار كەس، وەك كاردانەوەیەك لاپەڕەی تایبەتی ئۆغانیان ئەن فۆڵۆ كردووە.
پارتی چەپی سەوز جەخت لەسەر دەنگدان بەكلیچدار ئۆغلۆ دەكاتەوەو دەڵێن هیوایان هەیە
پەرلەمانتارێكی هەدەپە بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشكرادەكات كەژمارەی كورسیەكانی پارتی چەپی سەوز بۆ 65 كورسی لەپەرلەمانی توركیا بەرزبووەتەوە، هاوكات هەڵوێستی خۆیان دووپاتدەكەنەوە كە لەخولی دووەمیشدا دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ دەدەن بۆ سەرۆكایەتی توركیا.
حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پارتەكەی لەسەر پارتی ناوی پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەشدارییان كرد، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»تائێستا بەهۆی ئەو سكاڵایانەی پارتی چەپی سەوز كردوونی، ژمارەی كورسیەكانی بەرزبووەتەوە بۆ 65 كورسی».
وتیشی:» تائێستا سوورین لەسەر ئەوەی دەنگ بە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بدەین بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا».
سەبارەت بەو هەواڵەی گوایە جەهەپە داوای لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەئێستا لەزیندانە كردووە ریكلام بۆ كلیچدار ئۆغلۆ نەكات، پەرلەمانتارەكەی هەدەپە رەتیكردەوەو وتی:»ئەوە بانگەشەی ئاكپارتییەو بەهیچ شێوەیەك راست نییە».
بەوتەی حەسەن ئوزگونەش پارتی چەپی سەوز تانەی لە 193 هەزار سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا داوەو چاوەڕێی ئەنجامەكەیەتی، ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت « ژمارەیەك پارتی دیكە پشتیوانی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغلۆ راگەیاندووەو ئامادەن لەخولی دووەمدا دەنگی پێبدەن، ئەمەش رەنگە ئەنجامەكە بگۆڕێت».