وەزارەتی کشتوکاڵ: جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ تەسلیمی سایلۆکان بکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان و هەر جوتیارێك چەند بەرهەمی هەبێت دەتوانێت ڕادەستی بکات.
بێگەرد تاڵەبانی ئەمڕۆ دوشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "بۆ لەمەودوا وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان، جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ بەرهەمەکانیان تەسلیمی سایلۆکان بکەن، بەپێی ئەو پشتیگریەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردرا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق بەرووی هەناردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو د. حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق وتى: لە ئێستادا بڕیار دراوە 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت، ئەگەر ئەو بڕە وەرگیرا و بەرهەمەکان زیادتر بون ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕى وەرگرتنەکە زیاد دەکەن و هەوڵدەدەن تەواوى بەرهەمى جوتیارانى هەرێمى کودستان بۆ ئەمساڵ وەربگرین.
وتیشی، "جوتیار لەگەڵ رادەستکردنی گەنمەکەی پارەکەی رادەست دەکرێت و دەوامی سایلۆکانیش تاوەکو کاتژمێر 10:00ی شەو بەردەوام دەبێت لەسەرجەم پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی خاوەن بارهەڵگرەکان بۆماوەیەکی درێژ نەمێننەوە".