لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان كلیچدار ئۆغڵۆ زیاتر لە 114 هەزار دەنگی لەباكوری كوردستان لەدەستدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دەركەوت كەدەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ لەزۆربەی پارێزگاكانی باكوری كوردستان كەمی كردووەو ئەمەش بووە جێگەی پرسیار لەلایەن چاودێرو هاووڵاتیانەوە.
لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لەشارەكانی باكوری كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان چوار ملیۆن و 479 هەزارو 423 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی خولی دووەم، چوار ملیۆن و 576 هەزارو 854 دەنگی بەدەستهێناوە. واتر بەبەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 97 هەزارو 431 دەنگی زیادكردووە.
لەبەرامبەردا كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سێ ملیۆن و 992 هەزارو 119 دەنگی لەپارێزگاكانی باكووری كوردستان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەخولی دووەمدا سێ ملیۆن و 877 هەزارو 203 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەو پێیە، كڵیچدار ئۆغڵۆ لەخولی دووەمدا، بە بەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 114 هەزار و 916 دەنگی لەباكوری كوردستان لەدەستداوە.
بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی توركیاو جیهان، كەمی دەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە كلیچدار ئۆغڵۆ پرۆتۆكۆلێكی لەگەڵ ئومید ئوزداغ سەرۆكی پارتی سەركەوتن واژۆ كرد كە بەیەكێك لەدوژمنە سەرسەختەكانی هەدەپە دەناسرێت و باسی ئەوە دەكرێت كە باپیری یەكێك لەو كەسانە بووە كە شێخ سەعیدی پیرانی لەسێدارە داوە.
هۆكارێكی دیكەش ئەوە بووە كە كلیچدار ئۆغڵۆ لەبانگەشەی خولی دووەمدا، زیاتر لە لایەنە نەتەوەپەرستەكان نزیك بووەتەوەو لێدوانی توندی لەدژی پەكەكە داوەو رایگەیاندووە كە بەردەوامی بەیاسای قەیوم لەژێر ناوێكی دیكەوە دەدات. ئەمەش وایكردووە كەدەنگدەرە كوردەكان لە كلیچدار ئۆغڵۆ سارد ببنەوەو بەشێكی كەمیان بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكەن.