رێنماییەکانی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە عێراق و ھەرێم رێکدەخرێنەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن لەبارەی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری 215ی ساڵی 2009 کە پەیوەستە بە رێکاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت لە فەرمانگەکانی هاتووچۆی گشتی و گومرگ و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق."
لەبارەی ئامانجی لیژنە هاوبەشەکە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی "لیژنەکە پڕۆژەبڕیارێک ئامادەدەکات لەبارەی رێکار و رێنوێنییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کە ناوەند و هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر بکەن بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە."
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزە پەسەندکردووە، کە تایبەتە بە بەکارھێنانی غاز وەک سوتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل، بە ئامانجی گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ نرخی سوتەمەنی لە عێراق.
رۆژی پێنجشەممە، 5-1-2023، وەزارەتی پلاندانانی عێراق دوایین ئاماری لەبارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە لە عێراق راگەیاند، بەپێی ئامارەکە، لە کۆتایی ساڵی 2022دا حەوت ملیۆن و 460 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەکاتێکدا ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2021دا حەوت ملیۆن و 27 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، واتە بەڕێژەی 6٪ زیادیکردووە.
بەپێی وەزارەتەکە، بۆ هەر هەزار کەس، 128 ئۆتۆمبێل هەیە و هەر کیلۆمەترێک رێگەی قیرکراویش 127 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.