ئیسرائیل: کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی کۆریای باکور بوەتە مەترسیی

ئێران: موشەکەکانمان بۆ مافی رەوای بەرگریی و پاراستنی وڵاتەکەمانە

نمایشکرنی موشەکی فەتاح

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئێران کاردانەوەی ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی رەت دەکاتەوە و بەرپرسێکی ئیسرائیل دەڵێت رێگە نادەن کۆماری ئیسلامی ببێت بە کۆریای باکور.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند؛ بەرنامە موشەکییەکانی ئەو وڵاتە ئاساییەوە و لە چوارچێوەی مافی بەرگرییدایە.

کەنعانی وتی: وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا کە مێژویەکیان هەیە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی و چەکی نائاسایی، نابێت کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار بکەن بە پابەندنەبون بەو یاسایانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: ئێران لە چوارچێوەی مافی رەوا بۆ بەرگریی لەخۆی بەردەوامە لە چالاکییە موشەکییەکانی.

لە لایەکی دیکەوە ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە کە رێگە نادەن کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرنامە موشەکیەکانی ببێتە وڵاتێکی هاوشێوەی کۆریای باکور.

کۆهین لە گەشتەکەی بۆ کۆریای باشور وتویەتی ؛ کۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی کۆریای باکور بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی و بەرنامەی موشەکی بوەتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و هۆکارە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی جیهان.

ئێران رۆژی سێشەممەی رابردو موشەکێکی کیشوەربڕی بە ناوی (فەتاح) تاقی کردەوە کە بە وتەی بەرپرسانی سوپای پاسداران ئەو موشەکە دەتوانێت بە خێرایی 13 هێندەی دەنگ مەودای زیاتر لە پێنج هەزار و 500 کیۆمەتر ببڕێت بەڵام لە ئێستادا مەوداکەی بۆ هەزار و 400 کیلۆمەتر سنوردار کراوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار