باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: هۆشداری دراوەتە تورکیا و ئێران لەسەر ئەو هێرشانەی دەیکەنە سەر هەرێم
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، چەندین جار نیگەرانیی دەربڕدراوە و هۆشدارییش دراون بە تورکیا و بە ئێرانیش لەسەر ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
دوێنێ ئالینا رۆمانەوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان لە شاری سلێمانی کۆبوەوە.
ئالینا رۆمانەوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەمیانی دیداری لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەوەڵامی پرسیارێک، پەیوەست بە هێرشەکانی تورکیا و ئێران لەنێو خاکی هەرێم، رایگەیاند، نیگەرانییەکان لەسەر هێرشەکانی تورکیا هەر تەنها لەبەر ئەو هێرشانە نییە کە دەیانکاتە سەر هەرێمی کوردستان بەڵکو بەهۆی ئەو هێرشانەشەوەن کە دەکرێنە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەڵێت، "ئێمە هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژە داعشمان هەیە و هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانمان قەبوڵکراو نییە".
وتیشی، چەندین جار نیگەرانیی دەربڕدراوە و هۆشدارییش دراون بە تورکیا و بە ئێرانیش لەسەر ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ئالینا رۆمانەوسکی لەبارەی کێشەی دابەشکردن لە داهات و لە بودجە، راگەیاند، "ئەو بابەتە پەیوەستە بە کەسانی سیاسی و پارتەکانیانەوە و پێویست دەکات گفتوگۆ و دایالۆگ هەبێت لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی ئەم باس و خواسانە بکەن و ئێستا گفتوگۆ لەم روانگەیەوە هەیە لەسەر مەسەلەی بودجە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی یاسای بودجە بگەنە رێککەوتن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەر بودجە و پشکی هەمو بەشەکانی عێراق کە پێویستیان پێیەتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانییەکان بۆ خەڵک".