پارتی چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکان لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ کاندیدی خۆی دەبێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوز رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێن، لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ کاندیدی خۆیان دەبێت.

مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بوو لە پەرلەمانی تورکیادا بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی تورکیدا کرد و ئاماژەی بە پرسەکانی رۆژ، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پلانی پارتەکەی بۆ داهاتوو کرد.

لە وڵامی پرسیاری "ئایا لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا کاندیدی خۆیان لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ دەبێت یان نە؟" بەشتاش رایگەیاند، مافی ئەوانە کە کاندیدیان هەبێت. لایەنگریانیان رەخنەیان لێگرتبوو کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆچی کاندیدیان نەبووە، بەڵام ئەم جارە جیاواز دەبێت.

بەشتاش رەخنەی لە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن گرت کە خۆشیان دەنگیان پێدابوو و وتی، " لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە بەشێک لە هاوپەیمانی گەل نەبوویین، بەڵام دەنگمان بە کلچدارئۆغلۆدا. کلچدارئۆغلۆ بەڵێنی بە هەندێک پارت دابوو کە وەزارەتیان پێبدات کە رێژەی دەنگیان ١٪ بوو، بەڵام لە پارتەکەمان دوور کەوتەوە. ئەمەش لەنێو لایەنگرانماندا بووە هۆی نارەزایەتی. دەنگدەرانمان رەخنەیان لە ئێمە گرت. لە پارێزگا کوردیەکان کلچدارئۆغلۆ دەنگێکی خەیاڵی بەدەست هێنا. ئەگەر ئێمە نەبووینایە کلچدارئۆغلۆ نەیدەتوانی ئەم دەنگە بەدەست بهێنێت، بەڵام خۆی لە ئێمە بە دوور گرت."

پەرلەمانتارەکەی پارتی چەپی سەوز رەخنە لە پارتی کرێکارانی تورکیاش گرت کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی ئەوان بوو و وتی، " سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا دوای هەڵبژاردن وتی، 'ئێمە لەگەڵ کوردەکان بووین بۆیە دەنگێکی کەممان بەدەست هێنا'. دەیانەوێت خۆیان لە کورد دوور بخەنەوە. ئەم هەڵوێستە راست نییە. ئێستا کۆبونەوەی لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی هەیە. دوای کۆبونەوەکە هەر لایەنێک بڕیاری خۆی دەدات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار