هەسەدە: ٤ شەڕڤانمان لە هێرشی تورکیادا شەهید بوون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەسەدە رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی درۆنێکی سوپای تورکیادا، ٤ شەڕڤانیان شەهید بوون.
هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای تورکیا و چەکدارەکانی گوندی دەندەنیێ منبجیان تۆپباران کردووە و لە بۆردومانەکەدا دوو منداڵ بریندار بوون."
هەسەدە باسی ئەوە دەکات کە گروپێک لە شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی منبج هەوڵیانداوە، منداڵەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و رزگاریان بکەن، بەڵام درۆنێکی دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردووەتە سەریان.
هەسەدە دەڵێت، لە هێرشەکەدا ٤ شەڕڤانیان شەهید بوون و ٢ شەڕڤانیش بریندار بوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، لە گوندی عەرەب حەسەنی منبجیش بەهۆی بۆردومانی درۆنێکی تورکیاوە هاوڵاتیەکی مەدەنی شەهید بووە.
ئاژانسی هاوار نیوزیش ئەمڕۆ هەواڵێکی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری ئاژانسەکە دوێنێ و شەوی رابردوو ٢ شەڕڤان شەهید بوون و ٤ سەربازی سوریا کوژراون و ٨ سەربازیش بریندار بوون.