رێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدۆزرێتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دو پێشنیاریان لەبارەی ئەگەری هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان خستەڕوو.
عەلی مەشکور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی ڕاگەیاندووە، پێشنیاریان بۆ هایان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت کردوە کە پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە هەناردە بکات لە ڕێگەی باشورەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشنیازی دوەمیش بریتییە لە بەردەوامبون لە چاککردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق- بانیاس کە بە سوریادا تێدەپەڕێت و نەوتی لێوە هەناردە دەکرێت.
پێشنیارەکان:
١- پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە هەناردە بکات لە ڕێگەی باشورەوە
٢- هەناردەکردنی نەوتەکەیە لە رێگەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق- بانیاس کە بە سوریادا تێدەپەڕێت
هاوکات وتوشێتی، "عێراق هەمو شێوازە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تورکیا پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت دەستبکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە".
جەختی لەوەشکردەوە، "لە ئەگەری ئەوەی ئەنقەرە پێداگری لەسەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و بەردەوامی داخستنی بۆری نەوت بکات، کە ببێتەهۆی زیانگەیاندن بە عێراق بە بڕی ملیۆنان دۆلار لە ڕۆژێکدا، ئەوا یەکێک لەو دو پێشنیارە جێبەجێ دەکرێت".