سێ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێرانەوە بریندار بوون
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوریەکانی نەوسوود بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسدارانی ئێرانەوە بەسەختی برینداربوون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، راگەیاند، لە نزیک گوندی "دزاوەر" سەر بە شاری نەوسوود، هاوڵاتیەک بە ناوی سەبوور سەیدی، دانیشتووی گوندی "کڵاش" سەر بە جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ کە ناوی نەزانراوە، کەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسەختی برینداربوون.
سەرچاوەکانی هەنگاو لەمبارەوە رایانگەیاند، کە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێژی پاسداران، قاچی ئەم دوو کۆڵبەرە پێکراوە و دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.
لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتیەکی دیکە بەناوی فەرزاد ئیمامی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پاوە، لەکاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی شاری نەوسوود، کەوتە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزی پاسداران و بریندارکرا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای پاسداران هێزێکی زۆری بۆ ناوچە سنوریەکانی رۆژهەڵاتی و هەرێمی کوردستان رەوانە کردووە و ئۆپراسیۆنی سوپای پاسداران لە کوێستانەکانی کۆساڵان بەردەوامە.