بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران 26% زیاد دەکات

دەست بەسەر زیاتر لە پێنج هەزار تۆن ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت

ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



ناوەندی بەرەنگاریی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران ئاشکرای دەکات رێژەی بەکارهێنانی ئەو ماددانە لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە و بەرهەمێهانی ماددەی هۆشبەریش لە ئەفغانستان 50 هێندەی رابردو.

عەلیڕەزا کازمی، قائیمقامی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران رایگەیاند؛ رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک تریاک، حەشیش و کریستاڵ لە کەسانی تەمەن 15 بۆ 64 ساڵ لە ئێران بە رێژەی 26% زیادی کردوە.

ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رونی کردوەتەوە کە بۆ چارەسەریی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان هەشت هەزار و 900 ناوەندی چارەسەریی بە مەبەستی وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران چالاکن.

لە ئامارەکانی ئێراندا دەرکەوتوە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن کە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیان بە ئالودەبو ئەژمار دەکرێن کە رێژەی 10%ی ئالودەبوان کچ و ژنن.

بە وتەی قائیمقامی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە 20 ساڵی رابردو بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان 50 هێندە زیادی کردوە و دەگاتە نزیکەی 10 هەزار تۆن لە ساڵێکدا کە ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبونەوەی رێژەی توشبوانی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت لە ئێران کە دراوسێیی ئەو وڵاتەیە.

کازمی وتویەتی بەگشتی لە ماوەی پێنج ساڵدا دەست بەسەر پێنج هەزار و 428 تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا گیراوە و 67 ئەندامی هێزەکانی پۆلیس بەهۆی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کوژراون.

ئاماژەی بەوە کردوە لەو ماوەیەدا 17 هەزار و 630 جار پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و قاچاخچی و بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران رویداوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار