خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا ژنێک و دوو منداڵی داعشی رادەستی دانیمارک کردەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی حکومەتی دانیمارک کردەوە.
بەگوێرەی سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی حکومەتی دانیمارک سەردانی بەرێوەبەرێتیەکە کردووە لە شاری قامشلۆ. شاندی حکومەتی دانیمارک بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریا، لەگەڵ خەلیل ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، هەردوولایەن قسەیان لەسەر دۆخی سوریا و هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) کردووە و ئاماژەیان بە بەیاننامەی چارەسەری ئاڵۆزی سوریا داوە کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ئامادە کرابوو.
هەروەها دۆخی ئابوری و مرۆیی لە سوریا و دۆخی تیرۆریستانی داعش و خانەوادەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ بەشێکی دیکەی پرسی کۆبونەوەکە بوون. خالید ئیبراهیم لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەیاننامەکەیان لەسەربناگەیەکی نیشتیمانی ئامادە کراوە و بەگوێرەی پرۆژەکە پێویستە هەموو گەلانی سوریا بەشداری لە دیالۆگی چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریا بکەن کە بەیاننامەکە لە نۆ خاڵ پێک دێت.
خالید ئیبراهیم ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی شەڕی دژی داعش کردووە و رایگەیاندووە کە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوڵاتیەکانیان کە لەنێو داعشدا بوون بگەڕێننەوە و ئەم هەنگاوەش بەشێکی بچووکی چارەسەری کێشەی داعشە.
نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریاش لە کۆبونەوەکەدا باسی ڕۆڵی رۆژئاوای کوردستان و بە تایبەتی هەسەدە کردووە کە هاوپەیمانی نێدەوڵەتی دژی داعشدا و وتوویەتی، دانیمارک بە وردی چاودێری دۆخی، سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنی هەرێمەکە دەکات و لەگەڵ نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەوروپا لە پەیوەندیدایە. لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەگوێرەی پرۆتۆکۆلێک ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندی دانیمارک کردەوە.