ناتانیاهۆ: کارێک بە دوژمن دەکەین نەوە لەدوای نەوە دەنگ بداتەوە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وتارێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل پێشکەشکرد و رایگەیاند، بۆردومانکردنی غەززە تەنها "سەرەتایە" و "کارێک دەکەین بە دوژمن کە نەوە لە دوای نەوە دەنگ بداتەوە." 

لەمیانی وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، "تازە دەستمانکردووە بە هێرشکردنە سەر حەماس و تەنها سەرەتایە، کارێک بە دوژمن دەکەین کە نەوە دوای نەوە دەنگ بداتەوە." 

ناتانیاهۆ باسی لەوەشکرد کە هێشتا چەکدارانی حەماس لە ئیسرائیلدا ماون و چیان لەدەست بێت دەیکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کە لەژێر دەستی حەماسدان. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری ئەوەشیدا کە "رۆژانی سەخت" بەرێوەیە بۆ ئیسیرائیل.

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدان و بزوتنەوەی حەماسیش دەڵیت بۆردومانەکان رانەگرن "بارمتەکان دەکوژین."

لەماوەی سێ رۆژی شەڕ و پێدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس 1600 کەس لە فەڵەستین و ئیسرائیل کوژراون. هەر ئەمڕۆش ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی بۆ سەر غەززە راگەیاند و وتی کە خواردن و سوتەمەنی و کارەبا و ئاو بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕێت. 

لە رۆژی یەکشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا کە بۆ ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاو بوو، تێیدا چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو وڵاتەکەوە. ئەمە یەکەمجارە لەماوەی 50 ساڵی رابردوو رودەدات کاتێک هێزێک بتوانێت دزە بکاتە نێو ئیسرائیلەوە. بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە، ئیسرائیل ماوەی سێ رۆژە بەچڕی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 70 هەزار فەڵەستینی ئاوارە بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار