سوپای ئیسرائیل: سنورمان کۆنترۆڵ کردووەتەوە؛ تەرمی 1500 چەکداری حەماس دۆزراوەتەوە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەتەواوی سنوریان لەگەڵ غەززە کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و هیچ دزەپێکردنێکی چەکدارانی حەماسیش لە دوێنێوە نەبووە، دەشڵێت، تەرمی هەزار و 500 چەکداریان دۆزیوەتەوە. 

دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەتەواوی سنوری ئیسرائیلیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە لەگەڵ کەرتی غەززە دوای ئەوەی لە رۆژی شەممە چەکدارانی حەماس توانیان دیوار و پەرژینی نێوان غەززە و ئیسرائیل لەچەند شوێنێکەوە تێکبشکێنن و دزە بکەنە نێو ئیسرائیلەوە. 

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، لە دوێنێ دووشەممەوە هیچ دزەکردنێکی حەماس بوونی نەبووە و ئەندازیارانی سوپای ئیسرائیل نزیک سنوریان مینڕێژ کردووە تا چەکدارانی حەماس نەتوانن بێنە ناوەوە. 

هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 1500 تەرمی چەکدارانی حەماسیان لەنزیک کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە و تەنها ئەمشەو 200 جار هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر غەززە ئەنجامداوە. 

دوێنێ دووشەممە حەماس هەڕەشەی ئەوەیکرد کە لەگەڵ هەر بۆردومانێکی ئیسرائیل، دیلێکی ئیسرائیل دەکوژن، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەبێ گوێدانە ئەو هەڕەشەیە بەردەوام بوو لەسەر بۆردومانەکانی. حکومەتی ئیسرائیل بڕوایوایە کە بزوتنەوەی حەماس 100 دیلی ئیسرائیلی لایە. 

بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی هەردوولاوە لەماوەی چوار رۆژدا، 900 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و دوو هەزار 600 کەسی تریش برینداربوون. لە غەززەش 687 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی تریش برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار