یارییه‌ك له‌پێناو سلێمانیدا

8 مانگ لەمەوپێش



سیروان غەریب

سبهی، پێنجشهممه كاتژمێر ٢:٣٠، بهههموو دهنگ و رهنگه جیاوازهكانی نێو میدیای كوردیی و نووسهرهكانی، لهمسهری راست بۆ ئهوسهری چهپ، لهمسهری  ئیسلامیی بۆ ئهوپهڕی عهلمانی، لهلیبڕاڵهوه بۆ میانڕهوو سهربهخۆ، بهوێنهیهكی گهوره كه لهسهری  نووسراوه «ماڵئاوا هێمن گیان» دهچینه نێو یاریگای كهمال سهلیم هەتا لهیارییهكی دۆستانهدا رووبهڕووی تیپی هونهرمهندان ببینهوه.

دەسپێکی یارییەکە، وەکو بیرهێنانەوەیەک وێنەیەکی گەورەی کاک هێمن قەرەداغی، رۆشنبیرو نووسەرو شاعیر نماییش دەکەین، ئەو کوڕە هێمن و سەنگینەی کەهەفتەی رابردوو بەکارەساتێکی دڵتەزێن ئەم دونیایەمانی جێهێشت، رۆشنبیرێکی جیددی و خۆشەویستیی هەمووان، کەسێک کەتازە پێی نابووە کایەی هونەرەوەو پێشتریش هاوکارێکی شێلگیرو راستەقینەی رۆژنامەگەریی ئەهلیی و ئازاد بوو، هەربۆیە کاک هێمنی جوانەمەرگ بۆ هەردوو تیمەکە (هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانیش) سەنگ و بەهایەکی بەرچاوی هەیەو ئێمە وەکو رێکخەرانی ئەو بۆنەیە ئەوەمان وەکو لالێکردنەوەیەکی بچووک بە بەشدارییەکانی ئەم رۆشنبیرە سەنگینەمان هەژمار دەکەین.

ئێمه كهنزیکەی ٣٠ كهسین، پێکهاتوو لەنووسەرو رۆژنامهنووس و تیپێكی فتبۆڵێنمان دروستكردووه؛ مانای ئهوه نییه نوێنهرایهتی سهرجهم رۆژنامهنووسان و نووسهرانی شاری سلێمانی دهكهین (بۆیە ئەمە دەڵێم چونکە ههندێك لەئازیزان بەو جۆرە لێکی دەدەنەوە)، ئێمە لەم یارییەدا تهنها ویستوومانه نەوەیەکی دیاریکراو لەنووسهران و رۆژنامهنووسان کۆبکەینەوە كه لهسهردهمی «خهون و ئومێددا» جۆرێک لهمیدیایان بهڕێوهبردووه یاخود تیایدا بهشداربوون كه تاڕادهیهك جیاواز بووه لهمیدیای نوێی ئێستامان، کەدهڵێم جیاواز بووه مەبەستم هیچ خۆبەباشزانییەک نییەو لێرهدا خۆم لهههڵسهنگاندنی ئهو دوو قۆناغه دهدزمهوه، چونكه باسی تۆپی پێدهكهم، بۆیه ههر نووسهرو رۆژنامهنووسێك ئهم تیمهی ئێمەی بەدڵ نییه، زۆر ئاساییه بڕوات هانی هونهرمهندان بدات. ئهوهشی بهتیمی خۆی دهزانێت زۆرمان پێخۆشه سبهی بێته یاریگاكەو ببێته هاندهرمان.

ئهوهی سبهی پێنجشهممه بێته نێو یاریگای كهمال سهلیم تهنها یارییهك نابینێت، بهڵكو لەنێو یاریگا تابلۆیهكی رهنگاوڕهنگی وهك سلێمانی دەبینێت، ئهو تابلۆیهی كه نووسهرانی رهخنهگرو رۆژنامهنووسانی ئازاو بوێر نهخشاندوویانهو سیاسهت و سیاسییهكانیش ههمیشه دهیانهوێت تائاستی سڕینهوه كاڵی بكهنهوه.

پاڵنەری بهشدارییكردنی بهشێكی زۆرمان لهتیمی نووسهران و رۆژنامهنووسان ههر لەسهرهتاوه لهوهوه سهرچاوهی گرت كهدروستبوونی تیمهكه بهههمهڕهنگی دهستیپێكردو دوور بوو لهبیركردنهوهی حزبییانه، دەمانوسیت بۆ چالاكییهكی لهو جۆره، ههموومان لهپێناو پاراستنی تابلۆ رهنگاوڕهنگهكهی سلێمانییدا كۆبینهوه؛ پێچهوانهی ئهو سیاسییانهی بهبیری تهسكی سیاسی خۆیان تهحهممولی ئهم فرەڕەنگییەی شارهكه ناكهن، ههر رۆژه بهجۆرێك، ههر سیاسییە بهبیانوویهك و ههر حزبێک بهفێڵێك سزای دهدهن.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار