عێراق گەڕانەوە بەرەو سفر

12 مانگ لەمەوپێش



غازی حەسەن

رووداوەکانی ناوچەکەو نێوخۆی عێراق ئاماژەن بۆ ژمارەیەک ئەگەرو پێشهاتی نوێ، بێگومان هیچ نوێیەک بێ گۆڕانکاریی و هەڵوەشانەوەی کۆن و لێپێچینەوە نایەتە ئاراوە.

پتر لە ١٠ ساڵە گەلێک لایەن پێشبینی گۆڕان و هەڵوەشانەوەی کیانە دروستکراوە دەستکردەکانیان کردووە، لەنێویاندا عێراق. هیچ دەوڵەتێک لەسایەی باڵادەست و خۆسەپێنی و فەرمانڕەوایی سێبەری وڵاتێکی دیکەی بێگانە ناتوانێت بەسەلامەتی و سەروەریی پارێزراوو بەختەوەریی بمێنێتەوە.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ لەکارلادانی سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی لەو دامەزراوەی یاساکان دروستدەکات، وەکو ئەوە وایە بەمشارێکی ئاسنین کیان و دەسەڵات و پێکهاتەو جوگرافیای هەرێمەکانی عێراق لەت بکرێت. ئەم دەزگایە کە بەناوی دەستوورو یاساوە بڕیاردەدات، سەرەتا دژی هەرێمی کوردستان دەستی بەدەرکردنی ژمارەیەک بڕیاری شۆڤێنانەی مەزهەبی رەگەزخوازی کرد. بڕیارەکانی دژی هەرێم لەسەر بنەمای گوتارێکی دوژمنکارانەی رەتکردنەوەو سڕینەوەی هەرێمێکی دەستووریی بیناکراوە. گوتاری هەنووکەی دژی سونەکان، ئاشکرایە بریتییە لەدرێژەپێدانی گوتاری شیعەگەرایی دژ بەسونە. کورد وەکو نەتەوەو هەرێمێکی تەنیاو بێ پشتیوان سەیر دەکرێت، بەڵام دۆخی سونەکان پێچەوانەیەو خاوەنی قووڵایی و پاڵپشتییەکی بەهێزو فراوانە.

گریمانە دەکرێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان و شیعە چەند رەهەندێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە:

یەکەم: رەنگە سونەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر هەمان قەناعەت و شێوازو بیرۆکەی رۆژەکانی سەرەتای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن.

دووەم: ئەم هەنگاوە دەبێتە هاندەرێکی بەهێز تاکو گوتاری پێکەوە نەژیان لەنێوان سونەو شیعە سەرلەنوێ لەچوارچێوەو شێوازێکی نوێ سەرهەڵبداتەوەو دوور نییە ناکۆکییەکان بەرەو شەڕی تائیفیش پەرەبستێنن.

سێیەم: وەکو کەتوارێکی سەپێنراو، دوور نییە پەیوەندییەکانی کوردو سونە پێداچوونەوەیەکی نوێی تێدابکرێت و بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی سونی وەکو ئەمری واقیع بۆ دەربازبوون لەکێشەکان زیندوو بکرێتەوەو ئەمەش دەبێتە دەریچەیەکی تازە بۆ ئەوەی فشارەکان دژی هەرێمی کوردستان ئەو کاریگەریەیان نەمێنێت.

چوارەم: هەرێمی کوردستان متمانەی یەکلاکەرەوەی لەگەڵ گروپە سیاسییەکانی سونە نییە، سونەکان کەبەشێکیان سەر بەئێرانن، یان پیشتر لەپێناو رازیکردنی ئێران بەشدارییان لەبڕیارەکان دژی هەرێم کردووەو خودی (حەلبووسی) کە لەپێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئێرانییەکان بێدەنگی دژی بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان نواندووە، نموونەیەکی باش. دڵنیام سەرکردایەتی کوردستان بیر لەبڕیارێک ناکاتەوە لەسەر کاردانەوەی سلبی رۆنرابێت.

پێنجەم: بڕوا ناکرێت ئەمەریکاو بەشێکی ئەوروپییەکان لەم دۆخەی حزبە شیعییەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران و دادگای فیدراڵی دروستیان کردووە، خۆشحاڵ بن. تەنیا هەندێک پێیان وایە ئەمەریکا ئاژاوەیەکی دەستکرد دروستدەکات، لەپێناو بەدیهێنانی دۆخێکی نوێی سیاسی. لەڕاستیدا نابێت لەبیری بکەین پتر لەشەش مانگ پێش ئێستا سوپای ئەمەریکا جووڵەیەکی فراوانی لەنێو عێراق کردو ئێرانییەکانی تووشی شڵەژان و نیگەرانی کرد. سەرباری ئەوەش دابەزینی نرخی دینار هۆکارێکی دیکەیە بۆ سزادانی حکومەتی عێراق، کە پابەستی بڕیارەکانی سزادانی ئێران نییەو ئەمەش ئەمەریکای نیگەران کردووە.

دەکرێت بڵێین، ئەمەریکا نەک هەر نیگەرانە، بەڵام لەدوایین سەردانی لەناکاوی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەغداو گەیاندنی پەیامە ئاشکرانەکراوەکانیان و دواتریش سەردانی سەرۆک وەزیرانی بەغدا بۆ تاران و سەردانی هەولێر، ئاماژەن بۆ بەرزی ئاستی کێشەکان و لەدەستدانی متمانە لەنێوان ئەمەریکاو دەسەڵاتدارانی شیعە لەبەغداو بێئومێدبوونیان لەسەرجەم پرۆسەی سیاسی و پێکەوەژیانی نێوخۆیی و دوورنەکەوتنەوەی عێراق لەهەژموونی بڕیارو باڵادەستی ئێران. واتە ئەگەری تەقینەوەی دۆخەکە زۆر پترە لەهێشتنەوەی بەم شێوەیەی ئێستا حزبە شیعییەکان دەیانەوێت لەسایەی پەرەپێدانی پێگەی گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانیان و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و پێگەی سونە پیادەی بکەن.

شەشەم: ئەگەری ئەوە هەیە عێراق بەرەو خاڵی سفر بەگڕێتەوە، خاڵی دروستکردنی ئەم وڵاتە لەساڵی ١٩٣٢، خاڵی رووخانی رژێمی سەدام حوسێن. ئەمەش ئەوە نیشاندەدات دەوڵەتێکی بەزۆر سەپێنراو بەسەر پێکهاتە جیاوازەکان ناتوانێت دەوڵەتێکی دەستووری دیموکراسی و مەدەنی و ئازادو ئارام بێت. سونەو شیعە وەکو دوو دوژمن و ناکۆکی لەمێژینە ناتوانن نەک تەنیا کیانی سیاسی بەڵکو ئیمان و ئاینەکەشیان لەدابەشبوونی کۆمەڵایەتی و فکری بپارێزن.  

گۆڕانکارییە مەزنەکان هەمیشە وەکو دەرەنجامی رووداوە گەورەکان بەرهەم دێن، گوتاری هەنووکەی جەنگی نێوان روسیاو ئۆکراین، بریتییە لەگوتاری دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی سیستەمی جیهان و بەکردەوەش ئەمە دەستیپێکردووە. گوتاری جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس گوتاری گۆڕانکاریی مەزنە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە. پتر لە ١٠ ساڵە جەنگی گۆڕانکاریی لەناوچەکە دەستیپێکردووە. کورد یەکێکە لەکارەکتەرو کارت و جوگرافیای رووداوەکان، بۆیە پێویستە دوانەکەوێت، دەرفەتەکان یەکجار دروستدەبن و بژاردەکانیش دوای ١٠٠ ساڵ لەسایکس – پیکۆ تەنیا جارێک لەسەدەیەک دەخرێنەوە بەردەست.

رەنگە بڕیار و بیرکردنەوەو عەقڵەیەتی داخراوی قبووڵنەکردنی ئەوانی دیکە عێراق بگێڕێتەوە سەر خاڵی سفرو دەستپێک، دەرکەوت فیدراڵیزم نەیتوانی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی کۆتایی بەکێشەکان بهێنێت، لەبەرئەوە نەک کارەکتەرەکان، بەڵکو خودی کێشەکان بەدوای سیستەمێکی نوێی ئیدارەو بەڕێوەبردندا دەگەڕێن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار