مەزڵوم کۆبانێ: شکستهێنان لە چارەسەری پرسی كورد و فهڵهستین گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیرییه
![](/2022/images/2022/mazlum_kobany.jpg)
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، نایانەوێت خاکەکەیان ببێت بە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئەمەریکا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دەشڵێت، پرسی فەڵەستین و کورد وەک گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە.
لەگەڵ بەردەوامبونی ململانێکانی غەززە بۆ مانگی دوەم، نیگەرانییەکان لە زیادبوندایە کە رەنگە توندوتیژییەکان ناوچەكانی دەوروبەری بگرێتەوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا پەرەپێداوە، ئەوەش وهك بەشێک لە هەوڵێکی درێژخایەن بۆ دورخستنەوەی ئەمریکا لەو شوێنەی تاران وەک ناوچەی نفوزی خۆی سەیری دەکات.
مەزڵوم کۆبانێ كه سهركردایهتی شهڕی دژی داعش له سوریا كرد و به یهكێك له متمانەپێکراوترین هاوپەیمانەکانی پنتاگۆن هەژمار دەکرێت، له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ ماڵپهڕی ئەلمۆنیتۆر رایگهیاند، گەلەکەی نایەوێت خاکەکەیان ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان "ئەمریکا و میلیشیا شیعهكان" کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، چونكه "تاقمەکانی سەر بە ئێران دەستیان کردوە بە کردنە ئامانجی پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی ههسهده".
وتیشی، شکستهێنان لە هێنانەدی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ پرسی فەڵەستین و کورد وەک گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە.
مەزڵوم کۆبانێ جەختی لەوەکردەوە، هێرشی حەماس لە 7ی (تشرینی یەکەم/10) بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل "پەسەندكراو نییە"، هەروەها بەکارهێنانی هێزی ناڕێژەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی مەدەنییە فەڵەستینییەکان رهتدهكهنهوه، هۆشداریشیدا لهوهی كه تاکتیکی قۆڵی بەهێزی ئیسرائیل پێدەچێت خولگەیەکی نوێی توندوتیژیی لێبكهوێتهوه و گروپی توندڕهو سهرههڵبدهنهوه.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-04_21-00-19.jpg)