ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێ لەسەر کاتی گەشتنی 700 ملیار دینارەکە دەخاتەڕوو

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی 700 ملیار دینارەکە هیچ گرفتێکی نییە و لەم هەفتەیەدا بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردێت.
جەمال کۆچەر لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، تا ئێستا هۆکاری دواکەوتنی ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نازانرێت چییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو لەم هەفتەیەدا بەغدا 700 ملیار دینارەکە دەنێرێت، کە گوژمەی سێیەم و کۆتایی ئەو بڕەیە کە حکومەتی عێراق و هەرێم رێککەوتن لەسەری بۆ ماوەی سێ مانگ تا خەرج بکرێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
بەبەراورد بە دوو گوژمەکەی پێشوو، ناردنی 700 ملیار دیناری ئەمجارە لەوادەی خۆی دواکەتووە و نزیکەی دوو هەفتەیە بەرپرسە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی گەشتنی پارەکەیان داوە بەڵام هێشتا بەغدا رەوانەی نەکردووە.
دوو هەفتە لەمەوبەر پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "700 ملیار دینارەکە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود ناوەراستی هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی کوردستان." پێشەوا هەورامانی وتیشی کە بۆ ساڵی داهاتوو کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و حکومەتی هەرێم شاند بۆ وەرگرتنی "دوو مووچە" نانێرێت بەڵکو دەیانەوێت بە تەواوی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
بەڵام سەرچاوەیەک لە شاندەکەی هەرێم کە هەفتەی رابردوو سەردانی بەغدایان کرد بە هاوڵاتی راگەیاند، کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رازی نییە جگە لە گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە، هیچ پارەیەکی تر بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
