وەزارەتی کارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبامان زیادکردووە بەڵام خواستی هاوڵاتییان زیاترە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رایگەیاند لە کۆبونەوەی وەزارەت بڕیار لەسەر جیبەجێکردنی دابەشکردنی کارەبا بە یەکسانی لەنێوان پارێزگاکان درا و توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزکراوەتەوە بەڵام خواستی هاوڵاتییان لەسەر کارەبا زیاترە.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیاندراوێکدا باس لەوە دەکات، بە سەرپەرشتی کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجامدرا کە تێیدا بریکار و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان ئامادەبوون و "بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یەکسانی لەدابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان درا."
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان بۆ سێ هەزار و 400 مێگاوات بەرزکردووەتەوە، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لەسەروو شەش هەزار مێگاواتەوەیە.
هاوکات ئەوەش هاتووە کە "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لێژنەی پێوەری زیرەک و چاودێری و بەدواداچوونی سەرپێچییەکان و بڕیار درا هەڵمەتێکی فراوان بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە دەرەوەی پێوەری زیرەک کارەبای ڕاکێشاوە و شوێنەکانیان ئاشکرایە."
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا و لە وەرزی سەرمادا کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان دابەزیوون و رۆژانە تەنها حەوت بۆ هەشت کاتژمێر هاوڵاتییان کارەبای نیشتمانییان پێدەدرێت.
دوای 32 ساڵ هێشتا حکومەتی هەرێم نەیتواییوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکات و هەموو ساڵێک کیشەی لە پیدانی کارەبا بۆ دروست دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا.
