سەرۆكی دادگای فیدراڵی: دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لەهەمانكاتی مووچەخۆرانی عێراق مووچە وەربگرن

10 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەهەمانكاتی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بدرێت و نابێت هیچ كێشەیەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمدا ببێتە هۆی دواكەوتنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم.
دادوەر جاسم محەمەد عەبود ئەلعەمیری سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند "لە ئێستادا دادگا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە كۆمەڵێك دۆسیە، لەوانە پرسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كە پرسێكی زۆر گرنگە".
وتیشی‌ "دەستووری عێراق لە مادەی 14دا دووپات كردووەتەوە كە دەبێت عێراقییەكان لە مافدا یەكسان بن، ئەم یەكسانییەش ئەوە دەخوازێت كە مووچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، لەڕووی بڕە پارەو كاتەوە بەهەمان شێوەی ئەو مووچەیە بێت كە هاوتاكانیان لە ناوچەكانی‌ تری‌ عێراق وەریدەگرن".
"پێویستە فەرمانبەرێك لە زاخۆ هەمان مامەڵەی فەرمانبەرانی بەغداو تا بەسرەی لەگەڵ‌ بكرێت، چونكە مووچە ئەو بڕەیە كە بژێوی خەڵك مسۆگەر دەكات و كەرامەتیان دەپارێزێت، ناكرێت رێگە بدرێت مووچە دوابخرێت" سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق وا دەڵێت.
ئەوەشی خستەڕوو "پێویستە پابەندنەبونی‌ حكومەتی‌ هەرێم بەو مادەو بڕگانەی‌ لە یاسای‌ بودجەدا هاتووە، نەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی‌ فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم موچەكانیان دوابخرێت، چونكە ئەوان بەشێكن لە گەلی‌ عێراق".
وتیشی‌ "دەبێت حكومەتی فیدراڵی كار بكات بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و ئێمە ئەمە بەئەركێكی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی و مرۆیی دەزانین".
سەرۆكی‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ راشیگەیاند كە "نابێت هیچ كێشەیەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمدا ببێتە هۆی دواكەوتنی‌ مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم و پێویستە ئەو دوو لایەنە بگەنە چارەسەرێكی ریشەیی".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار