دەزگای هەواڵگری ئەمریکا: ئێران چەک و جبەخانەی بۆ حوسییەکانی یەمەن دابینکردووە
10 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرەرای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەردەوامی دووپاتیکردۆتەوە کە ئێران پاڵپشتیکەرێکی سەرەکی حوسییەکانی یەمەنە و پشتگیری لۆجیستییان دەکات، لەگەڵ ئەمانەشدا دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە و فراوانبوونی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکانی دەریای ناوەراست، ئەمریکا راستەخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران بە تێوەگلانی لەو هێرشانە دریژنەکردووە.
بەڵام دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا "دی ئای ئەی " کە تایبەتە بە پێدانی زانیاری بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ، لەسەر پێگە ئەلکترۆنییەکەی وردە کاری یارمەتییەکانی ئێرانی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن خستۆتەڕوو بە پێدانی موشەکی بالیستی کورت مەودا و مامناوەند و موشەکی کرۆز.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە ئەم یارمەتییانە لە ساڵی 2015 ەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.
هەر لە راپۆرتەکەی "دی ئای ئەی" دا هاتووە کە لە نێوان ساڵەکانی 2023 – 2024 سوپای ئەمریکا رێی بە 18 کەشتی ئێرانی کە چەک و مووشەک و درون و دژە تانکی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن دەگواستەوە گرتووە.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە حوسییەکان لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور مووشەکی "عاسفی" بالیستی و موشەکی "قودسی4" یان بەکارهێناوە کە هەردوو موشەکەکە لەلایەن ئیرانەوە دروست کراوە.
هەروەک چۆن گروپەکە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر فرۆکە ئەمریکییەکانی نزیک یەمەن و خەلیجی عەمان موشەکی " شاهین"یان بەکارهێناوە.
جێی ئاماژەیە ئەم زانیاریانە لە کاتێکدا خراونەتەڕوو کە ئەمریکا و بەریتانیا لە ماوەکانی پێشوودا چەند هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گروپی حوسییەکانی یەمەن بە مەبەستی بەرگرتن و کەمکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور ئەنجامدا.