جۆزێپ بۆرێل بۆ بایدن: چەک مەدەنە ئیسرائیل

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نەتەوەیی یەکێتیی ئەوروپا، رەخنەی توندی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گرت و داوای کرد چەکی کەمتر بدەن بە ئیسرائیل و وتی "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت و دەیەوێت خەڵک لە غەزە دەربکات. بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟"

جۆزێپ بۆرێل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا دوای کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ فیلیپە لاتزارێنی، بەرپرسی ناوەندی یارمەتی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خەڵکی فەلەستین، لە برۆکسل ئەم قسانەی کرد و هەروەها وتیشی "پێویستی لۆژیکی بیربکەینەوە، تائێستا زۆرجار بیستوومانە کە پلەبەرزترین رێبەرەکان و وەزیرەکانی دەرەوەی دونیا هاواردەکەن خەڵکی زۆر کوژراون، بایدن دەڵێت ئەمە زۆر زۆرە. دەی ئەگەر تۆ لە سەر ئەو باوەڕەی خەڵکی زۆر کوژراون، باشتر وایە چەکی کەمتر بدەی بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەر بە کوژرانی خەڵک بگریت. ئەمە لۆژیکی نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت. دەیانەوێت خەڵک لەوێ دەربکەن، بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟ دەیانەوێت ئەم خەڵکە ببەن بۆ کوێ؟ ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر ئەو باوەڕەیە خەڵکی زۆر کوژراوە، باشتر وایە بیر لە چۆنیەتی دابینکردنی چەک و چۆڵ بکەنەوە".

بۆرێل هەروەها رایگەیاند "ئەمە دوو ڕووییە، هەر دووبارەی بکەنەوە خەڵکانێکی زۆر دەکوژرێن، تکایە ئاگادار بن خەڵکانی زۆر ئەکوژرێن. تکایە خەڵک مەکوژن. بەڵام بەرەوامن لە پڕچەککردنی ئیسرائیل. تکایە هەر قسەکردن بەسە، بە کردەوە شتێک بکەن".

ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا مافی بەرگری لە خود بۆ ئیسرائیل بە رەوا دەزانن، دوای ئەوەی نتانیاهۆ وتی دەیەوێت هێرش بکاتە سەر رەفەح بە توندی رەخنەیان لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و زمانی قسەکردنیان گۆڕی.

دەیڤید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی شوبات، لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە لە هێرشی زەمینی بۆ رەفەح، داوای لە ئیسرائیل کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئەم شارە رابگرێت و بەر لە هەر کارێک بە جدی بیر لە دەرئەنجامەکەی بکاتەوە.

شەوی یەکشەممە ١١ی شوبات ئیسرائیل رایگەیاند، توانیویانە لە چالاکییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا دوو بارمتە ئازاد بکەن، بەڵام بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رەفح  و بۆمبارانکردنی ئەو شارە لە شەوی یەکشەممەدا لانیکەم ٦٧ کەس کوژران.

لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی فەلەستینی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەزەوە پەنایان هێناوەتە رەفەح.

بێنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین دەڵیت، ئازادی ئەم دوو بارمتە ئیسرائیلییە ئەوە دەخاتەڕوو تەنها رێگەی گەڕانەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوەیان هێرشی سەربازییە.

ئیسرائیل دەڵیت، هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی یەکشەممە بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە کە وەک ناوچەیەکی پارێزراو راگەیاندرابوو، بە مەبەستی ئازاد کردنی فێرناندۆ سیمۆن مارمانی ٦٠ ساڵ تەمەنو نۆربێرتۆ لۆئیس هاری ٧٠ ساڵ تەمەن بوو کە بارمتە بوون لای حەماس و جەهادی ئیسلامی. ئەوترێت ئەم دوو بارمتەیە لە قاتی دووەمی بینایەک لە ناوەندی رەفەح دەستبەسەر بوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار