شەڕی تەکنەلۆجیا؛ چین سرێدس و وەتسئاپی قەدەخەکرد و ئەمریکاش وا تیکتۆک قەدەخەدەکات

2 هەفتە لەمەوپێش



هاووڵاتی، هەوراز حوسێن 

کۆمپانیای ئەپڵ هەردوو ئەپلیکەیشنی سرێدس و وەتسئاپی لە نێو ئەپ ستۆر لە چین سڕییەوە؛ دوای ئەوەی بەرپرسانی پەکین بە هۆکاری مەترسیی ئاسایش ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیان قەدەخەکرد.

رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە هەردوو ئەپلیکەیشنی وەتسئاپ و سرێدسی لە خزمەتگوزاری ئەپ ستۆر لە نێو ئامێرەکانی ئەپڵ سڕیوەتەوە.

سڕینەوەی ئەو ئەپلیکەیشنانە نیگەرانییان لەسەر ئاڕاستەی حکومەتی چین بەرامبەر ئازادی رادەربڕین دروستکردووە. هەروەها پێشبینی دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر فرۆشی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە چین دروستبکات کە دووەم گەورەترین بازاڕی ئەو کۆمپانیایەیە لە دوای ئەمریکاوە. کۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوەکردووە، "دەزگای بۆشایی ئەلیکترۆنیی چین فەرمانیان کردووە لەبەر مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی چین، ئەپلیکەیشنەکان بسڕینەوە".

ئەپڵ دەشڵێت، "ناچارین شوێن یاساکانی ئەو وڵاتە بکەوین کە کاری تێدا دەکەین، هەرچەندە نەشمانەوێت." هەردوو ئەپلیکەیشنی وەتسئاپ و سرێد لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەنداری دەکرێن کە فەیسبووکیش بەشێکە لەو خێزانە. بڕیاری قەدەخەکردنی ئەو دوو تۆڕە ئەمریکییە دوای هەوڵی بەرپرسانی ئەمریکا دێت بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک لەو وڵاتە، کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی باوە و لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسەوە خاوەنداری دەکرێت و بنکەی سەرەکی لە پەکینی پایتەختی چینە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار