باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: ئەوانەی بەرپرسیارن لە ‌هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەبێت بدرێنە دادگا

7 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.

ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەدەکەین کە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەیەک کرێکار لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، دوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەوانەی بەرپرسیارن لەم رووداوە بدرێنە دادگا".

ئەوەشی وت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراق".

ئێوارەی دوێنێ هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ‌هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار