رووسیا: ناتۆ خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ رووسیا ئامادەدەکات

7 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ناتۆ ئامادەکاری بۆ شەڕکردن لەگەڵ رووسیا دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە ناتۆ سەرقاڵی مانۆڕێکی سەربازیی فراوانە لە رۆژهەڵات و باکووری ئەوروپا.

رۆژی شەممە 4-5-2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئێستا ناتۆ سەرقاڵی ئەنجامدانی گەورەترین مانۆڕی سەربازییە لە دوای جەنگی ساردەوە، مانۆڕی ستێدفاست دیفێندەر لە نزیک سنوورەکانی رووسیا بەڕێوەدەچێت".

زاخارۆڤا دەڵێت، ئەو مانۆڕە فراوانەی هاوپەیمانێتییە 32 دەوڵەتییەکە وایکردووە رووسیا دان بەوەدا بنێت، "ناتۆ بە جیددی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ رووسیا ئامادە دەکات".

هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات، لەکاتێکدا ناتۆ رووسیا بەوە تۆمەتباردەکات کە شەڕی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ دەکات، ئەوە ناتۆیە بە پێدانی چەک بە ئۆکراینا لە دژی بەرژەوەندییەکانی رووسیا وەستاوەتەوە. لە دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە لە 2022، پەیوەندی نێوان کرێملن و وڵاتانی رۆژئاوا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی بەراورد بە 4 دەیەی رابردوو.

مانۆڕی ستێدفاست دیفێندەر لە 22ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 31ی ئایار بەردەوامدەبێت. ناتۆ 90 هەزار سەرباز لەو مانۆڕەدا بەشداری پێدەکات و ئامانج لێی بەهێزکردنی ئەو هاوپەیمانانەیە کە هاوسنووری رووسیان بۆ ئامادەکردنیان لە ئەگەری هێرشدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار