هەژانی هەڵبژاردن!!!
6 مانگ لەمەوپێش
دڵزار عارف
دوا هەڵبژرادنی شارەوانیەکانی تورکیاو دۆڕاندنی ئەردۆگان و پارتەکەی، جۆرێک لە گۆڕینی میزاجی خەڵک و پارتە سیاسیەکان دروست بووە، چونکە ئەردۆگان بەردەوام سیگناڵی نەبەزین و بردنەوەی ناردبوو بۆ نەیارەکانی، کەچی ئەم جارە کەوت بەسەر ئەنجامێکی شۆکهێنەرو پڕ لە شەرمەزاری. دوای زیاتر لە ٢٢ ساڵ، خەڵک و هێزە سیاسیەکان قسەیەکی جیاوازیان کرد لەم هەڵبژرادنەو زۆر بەروونی و راشکاوانەو بەدەنگێکی بەرز وتیان ئیتر ماندووبوین لەم هەموو وتارە ناشرین و رقاویانەی کە رۆژ نیە لە رێگەی میدیاکان بۆمان نەنێری، کەم رۆژ هەیە لەبەردەم تەلەفزیۆن و کەناڵەکان سوکایەتی بە ئازادی و دیموکراسی و دادگاکان نەکەی. بێ چارەبووین لەم هەموو سک هەڵکوشینە، ئیتر لێرەوە دەمانەوێ هێزی ترو خەڵکی تر تاقی بکەینەوەو چونکە بەدڵنیایەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان کاریگەریەکی راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیای ٢٠٢٨ دەبێت. ئێستا جۆرێک لەباوەڕبوون لەلایەن ئۆپۆزسیۆن دروست بووە بەتایبەت لای پارتی کۆماری کە دەتوانێ هاوکێشەکانی سیاسەت بگۆڕێ لەرێگەی هەڵبژاردنەوە. لەهەمان کات ترسێکی گەورەی خستۆتە دڵی ئاکەپەو جۆرێک لە هەژاندن و شۆک گرتونی، بۆیە دەیانەوێ بەر بەم سەرکەوتنە بگرن و هەوڵی بێ کۆتا بدەن کە سیناریۆی شارەوانیەکان لە سەرۆکایەتی و پەرلەمان دووبارە نەبێتەوە. ئەمەش وای کردوە کە هەوڵیی جدی بدەن کێشەی ئابووری بەلایک بخەن و بتوانن هیچ نەبێ لەوەی کە ئێستا هەیە خراپتر نەبێ، چونکە ماوەیەکی زۆر بوو ئابووری تورکیا بە ریتمی میزاجی سەرۆک دەڕۆیشت بەڕێوە، هەر رۆژەو بڕیاری سەیرو سەمەرەی دەداو گوێی لەهیچ دامەزراوەیەکی ئابوری تورکیا دونیا نەدەگرت. بەردەوام بانکی بازرگانی جیهانی ئامۆژگاری ئەم وڵاتەین دەکرد کە پێویستە سووی بانک بەرزبکەنەوەو هەندێ رێکاری بەپەلە بگرنە بەر بۆ وەستاندنی هەڵاوسان و دابەزینی نرخی لیرە، بەڵام سەرۆک ئامادەنەبوو گوێی لەهیچ یەکێک لەمانە بگرێ و بەردەوام بوو لەسەر ئیدارەدانێکی نازانستی و نا لۆجیکانە، تا کار گەیشتە ئەوەی هەڵاوسان لە وڵاتە بگاتە پلەیەکی ترسناک و ژیان و گوزارانی خەڵکیش روولە خراپی بکات.
ئێستا تەواوی پێکهاتەکانی تورکیا کۆکن لەسەر ئەوەی ئاک پارتی و سەرۆکەکەی ریتمی سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەشێوەیەک شێواندوە، کە کاتێکی زۆری پێویستە تاوەکو جارێکی تر ئەم کایانە دێنەوە سەر رێگای خۆیان و بەشێنەیی ژیان دەکەنەوە. جگە لە وە لە ڕووی سۆسۆلیژیاوە تورکیا وڵاتێکی زۆر مۆزایکە، زیاد لە نەتەوەو گروپێک هەن و دەیانەوێ بە شکۆوە بژین و دەست بەکەلتورو زمان و مێژوویانەوە بگرن، لەبەرامبەر دەوڵەتێک هەیە خاوەنی ماکینەیەکی ناسیۆنالیستی بێ ویژدانە، دەیەوێ هەموویان بهاڕێت لە ناو ماکینەی تورکبوونەوە، مەبەستیەتی مێژویان وردو خاش بکات و زمانیان بیربباتەوە!! لەم پرۆسە سەد ساڵیی دورو درێژە، زۆر میللەت و گروپ ئەتنیک و دین هەڵوەشانەوە، ئەوەی لەنێو هەموویان تاکو ئێستاش بە پێوە وەستاوە خۆی ناچەمێنێتەوە کوردە. ئەمەش وایکردوە دەوڵەتەکە بەهەموو دەزگا داپلۆسێنەرەکانی خەریکی لێدانی کورد بێ و دەیەوێ هەمان ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنی کە لە پرۆسەی هاڕین لە نەتەوەکانی لاس و چەرکەس و ئەرمەنی بەدەستی هێنا، کە ئێستا ئەم نەتەوانە بەشەرمەوەو بە ترسەوە باس لەوە دەکەن کە ئەمانیش لێرە دەژین و دەیانەوێ وەکو خۆیان بناسرێن. چونکە بەشێک لە میللەتە نا تورکیەکانی ناو جوگرافیای تورکیا، بەتایبەت کورد جۆرێک لە هیوایان لا دروستببوو کە ئاکەپە دەیەوێ دەست بۆ برینێکی قوڵ و موزمین ببات و ببیەوێ تیماری بکات، جۆرێکە لە ئاشتەوایی نێوان کوردو دەوڵەت پێکبهێنێ، بەڵام دوایی ئاکەپەو خودی سەرۆک هەموانی بێ ئومێدکرد، شەقێکی لە مێزەکەدا و هەڵیگێڕایەوەو گەڕاییەوە بۆ راسپاردەکان و تێگەیشتنەکانی ئەندازیارو باوکی رۆحی دەوڵەتی تورکیا کەمال ئەتاتورک.