سێ گەشتیاری ئیسپانی لەلایەن تەقەکەرێکەوە لە ئەفغانستان کوژران

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

لە ئەفغانستان تەقەکەرێک سێ هاووڵاتی ئیسپانی کە گەشتیار بوون دەکوژێت و یەکێکیش بریندار دەکات. هاووڵاتییەکان گەشتیاربوون و سەردانی ناوچەیەکی شاخاویان لە ئەفغانستان کردووە کە پەیکەرێکی بودای لێیە.

رۆژی هەینی 17-5-2024، عەبدول مەتین قانعی، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا 3 هاووڵاتی بیانی و هاووڵاتییەکی ئەفغانی کوژراون. باسی لەوەشکردووە، هەر لەو رووداوەدا 4 هاووڵاتی دیکەی بیانی و 3 ئەفغانی برینداربوون.

هەروەها چوار کەسیان بە تۆمەتی دەستهەبوون لە تاوانەکەدا دەستگیرکردووە. پێدرۆ سانچێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش لەسەر رووداوەکە هاتە دەنگ و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "شۆکبووم بە هەواڵی کوشتنی گەشتیاری ئیسپانی لە ئەفغانستان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کونسوڵی ئیسپانیا لەو وڵاتە خراوەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و لە ئیسپانیاش کەسوکاری قوربانییەکان ئاگادارکراونەتەوە. شاخەکانی بامیان کە گەشتیارە ئیسپانیەکان سەردانیان کردووە یەکێکە لەو ناوچە دێرینانەی لە رێکخراوی یونسکۆدا تۆمارکراون.

لە شوێنەوارەکەدا دوو پەیکەری گەورەی بودای لێیە کە لە 2001، سەردەمی حکومڕانی پێشووی تاڵیبان تەقێنرابوونەوە. لە دوای هاتنەوە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئابی 2021، لە هەوڵی ئەوەدایە دۆخی ئاسایشی وڵاتەکە ئاسایی بکاتەوە و وابکات گەشتیاری زیاتر بۆ بینینی ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەکان رووبکەنە ئەو وڵاتە.

ئەمە جاری یەکەم نییە گەشتیار و کەسایەتی بیانی لە ئەفغانستان دەکرێنە ئامانج؛ ئەمە لە دوای گرتنەوە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە. لە 2022 تەقەکەرێک لە هۆتێلێکی کابوولی پایتەخت هاووڵاتییەکی چینی بریندارکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار