لە ئەمریکا چوار کارمەندی دایەنگەیەک بە تۆمەتی پێدانی دەرمانی خەوتن بە منداڵان دەستگیردەکرێن
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
پۆلیس لە ویلایەتی نیو هامسفێری ئەمریکا چوار چاودێریکاری منداڵانی دەستگیرکرد کە کەپسوولی خەوتنیان داوەتە منداڵان تاوەکو خەویان لێبکەوێت.
پۆلیس دەڵێت، لە تشرینی دووەمی پارەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کردووە؛ ئەمە دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە کە گومانی پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان هەیە. میلاتۆنین هۆرمۆنێکە کە مێشکی مرۆڤ لەکاتی تاریکیدا دەریدەدات و وای لێدەکات خواستی خەوتنی هەبێت.
ئەو هۆرمۆنە بە شێوەی دەرمانیش لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکاردەهێنرێت کە خەویان ناڕێکە و وایان لێدەکات خەویان لێبکەوێت. دوای شەش مانگ لە لێکۆڵینەوە پۆلیسی نیو هامسفێر بۆیان یەکلا بۆتەوە، کە منداڵانی یەکێک لە دایەنگەکانی ئەو ویلایەتە بڕێکی زۆر میلاتۆنینیان دراوەتێ تاوەکو خەویان لێبکەوێ و ئەرکی چاودێرەکان کەمبێتەوە.
پۆلیس دەڵێت، خواردنی ئەو منداڵانە بە میلاتۆنین پڕ کراوە بەبێ ئەوەی دایبابیان ئاگاداربکرێنەوە. هێشتاش روون نییە ماوەی چەنێکە منداڵەکان ئەو دەرمانەیان دەدرێتێ. ساڵی درێکمان، خاوەنی ئەو دایەنگەیە و چوار لە کارمەندەکانی بە تۆمەتی خەواندنی منداڵەکان دەستگیرکراون.
پێدانی میلاتۆنین بە منداڵان لە دایەنگەکانی ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە. ناوەندی رێگری و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەڵێت، لە 2012 بۆ 2021، 7٪ی چالاکی لیژنەکانیان بۆ ئەو دەنگۆیانە بوون کە منداڵان لە دایەنگەکاندا گومانی وەرگرتنی میلاتۆنینیان لێدەکرێت.