فاروقی مەلا مستەفا؛ نموونەی سەرمایەدارێکی دڵسۆز و بیرکەرەوە

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ ژیر فاتیح

یەکێک لەو دیارەدە خراپ و دزێوانەی لە دونیای ئێمەدا لە ئارادایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر تەشەنە دەکات، بینینی فیگەر و کەسایەتی و دیاردە جیاوازەکانە بە یەک شکڵ و شێوەی دیاریکراو و لەناو یەک پۆلین و ڕێکخستنی گشتیدا، بە واتایەکی دیکە؛ جۆرە تێڕوانینێک لە فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری دونیای ئێمەدا باڵادەستە، کە کۆی کەسایەتی و ڕوودا و و دیاردەکان بە یەک فۆڕمی کڵێشەیی دیاریکرا و دەبینێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی تایبەتمەندێتی و جیاوازی و وردەکاری ئەم فیگەر و کەسایەتی و دیاردە ناچوونیەکانە بکات، لەناو یەک شێوە پێناسە و تێڕوانیندا کورتیان دەکاتەوە و مۆبیلیزەیان دەکات.

ئەم نیگا سەرتاپاگیرە کە توانای بینینی جیاوازییەکانی نییە و لە یەک گۆشە نیگای دیاریکراوە لە دیاردەکان و کەسەکان دەڕوانێت، وا دەکات بوارێک بۆ بینینی تاقانەیی و لێوەشاوەیی کەسایەتییەکان و فرەیی و ناهەمەچەشنی دیاردە و دەرکەوتەکان نەهێڵێتەوە. یەکێک لەو شێوە-ڕوانینە باوانەی هەنوکە لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە، ڕوانینە بۆ پرسی سەرمایەداری و کەسایەتییە سەرمایەدارەکان، کە زۆرجار بە شێوەیەکی دوور لە ڕاستی و نا بابەتییانە خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و هەندێک ئایدیا و روانگەی بارگاوی بە نەریتی مارکسیستانەش بۆ ئەم جۆرە خوێندنەوانە دەکرێنە پاساو و کەرەستە، کە نەک تەنیا لەڕووی تیۆرییەوە راست نین، بەڵکو رێگەی ئەوەشمان لێدەگرن شتەکان بە شێوەیەکی بابەتی و وەک خۆیان ببینین.

بێگومان ئەوە راستە کە کۆی جیهان لەمڕۆدا بەدەست سیستمی سەرمایەداری و لۆژیکی بازاڕی ئازادەوە لە قەیراندایە، بەڵام قسەکردن لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و ئابوری نیولیبڕاڵی و بازاڕی ئازاد، پێویستە جیا بکرێتەوە لەو هەوڵە فەردییانەی کە بە گیانێکی دڵسۆزانە ونیشتیمانپەروەرانەوە، بڕێکی زۆری سەرمایە و داهاتی خۆیان دەخەنە خزمەتی پڕۆژەی نیشتیمانی و گشتییەوە، کە سود و قازانجە گشتییەکانی دەیانجار لە دەستکەوتە فەردیی و کەسییەکان گەورەترە.

"فاروقی مەلا مستەفا" نموونەی ئەو سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرانەی نیشتیمانە، کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوام و بێ پشوودان، لە هەوڵی سەرپێخستنی دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و سەرمایەگوزاری جیاوازدایە، بە سەدان ملیۆن دۆلاری لە بڕی سەرمایەکەی خۆی بۆ خزمەتکردنی شاری سلێمانی و کوردستان بە گشتی، تەرخانکردووە و بەردەوام وەک فیگەرێکی دیاری ناو بواری بازرگانی، خۆ نەویستانە و لەخۆبوردووانە لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و هێنانە ئارای دونیایەکی ئارام و کەشێکی لەباردا بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کوردستان، ماندوونەناسانە هەوڵی داوە و هەمیشە پێشەنگ بووە لە خزمەتکردن و بونیادنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە یادی دە ساڵەی دامەزراندنی (نەخۆشخانەی فاروق)دا، ئەم سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرە، کە خاوەنی باکگراوندی مەعریفی و دیدگای تایبەت بە خۆیەتی سەبارەت بە پرس و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە چەند خاڵکێدا، کە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنن و پێویستە دیوە ئینسانی و نیشتیمان پەروەریی و قازانج نەویستییەکەیان بۆ هەمووان ئاشکرا بکرێت.

تا ئەوە لای هەمووان ڕوون بێت کە مەرج نییە، هەموو سەرمایەدارێک تەنیا لە بیری کەڵەکەکردنی قازانجدا بێت، هەرچەند زۆر سەرمایەدار هەن لە دونیای ئێمەدا بەو لۆژیکە بیردەکەنەوە، بەڵام بوونی ئەوانە ناتوانن تاقانەیی و خەمخۆری کەسانی وەک "فاروقی مەلا مستەفا" بشارنەوە. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێدا، ئەوەیە کە چۆن دڵسۆزانە و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، بیریان لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی تەندروستی و زانستیی گەورەی وەک نەخۆشخانەی فاروق کردووەتەوە. بەو پێیەی ئەزموونی حکومڕانی لە دونیای ئێمەدا تا ئەندازەیەکی زۆر لە قەیراندایە، ئەمە وایکردووە کە هانیان بدات ئەرکێک لە ئەستۆ بگرن، کە لە بنەڕەتدا ئەرکی حکومەتە ئەنجامی بدات، بەڵام بەو پێیەی لە قسە و کردارەکانی "فاروقی مەلا مستەفا"وە دەردەکەوێت، ئەوان تەنیا وەک بازرگانێکی بێ هەڵوێست لە کۆمەڵگەدا ناژین، کە تەنیا بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی خۆیان بووێت، بەڵکو نموونەی بازرگانێکن کە خەمخۆری وڵاتەکەیانن و بیرکەرەوەیەکی بەردەوامن، لەو ڕووەوە کە شان بەشانی سەرانی حکومڕان و بگرە زیاتریش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرانبەر بە هاونیشتیمانیان و هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان. هەر بۆیە لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانیدا، وردبینانە و وەک کەسێکی خاوەن دید و پسپۆڕی لە پیشەکەی خۆیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کەرتە گشتییەکانی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن، لە ژێر چاودێری حکومەتدا بە تایبەتی بکرێن، بۆ ئەوەی نەبنە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و کەسانێکی چاوچنۆک لەسەر قوتی خەڵکی و بەبێ رەچاوکردنی باروگوزەرانی ژیانی گشتی سەروەت و سامان کەڵەکە بکەن.

ئەم دڵسۆز و خەمخۆرییەش بە ڕادەیەکە، کە بە گفتێکی ئینسانی و زۆر دڵسۆزانە لە ماوەی ڕابردوودا و لە مەڕاسیمی یادی دە ساڵەی دامەزراندنی نەخۆشخانەی فاروقدا دەڵێت: من خۆشم و کەسە ئازیزەکانیشم هەموو زەرەرەکان بە قازانجێکی گەورە دەبینین. واتە هەرچەندێک لەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزاریانەدا زیانمەند ببن، هێشتا وەک قازانج دەیبینن، چونکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە. ئەم بیرکردنەوە و تێگەیشتنە دەریدەخات، کە بوونی کەسایەتی و بازرگانانی لەم شێوەیە، نەک تەنیا نابێت وەک کەسانی خۆپەرست و قازانخواز تەماشا بکرێن، بەڵکو پێویستە بکرێنە سەرمەشق و کارێک بکرێت ناویان لەناو مێژوو و یادەوەری نەتەوەدا بەو پەڕی ئەمکدارییەوە بپارێزرێت. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار