ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
ئەمڕۆ ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج بە فەرمی دانیان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا نا، ئەوەش بۆ گوشارخستنە سەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کەمبکاتەوە.
ئیسرائیل بە توندی بە گژ ئەو هەنگاوە دیپلۆماسییەدا چووە و ئاماژەی بەوەکردووە بە هیچ جۆرێک لەبەرچاوی ناگرێ. ئەمڕۆ سێشەممە 28 ئایاری 2024، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، ئەمە بڕیارێکی مێژووییە و یەک ئامانجی هەیە، ئەویش هاوکاریکردنی فەڵەستین و ئیسرائیلییەکانە ئاشتی بەدەستبێنن.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەر زوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە گژ ئەو بڕیارەدا چووەوە و رایگەیاند، حکومەتەکەی پێدرۆ "بەشێکە لە دنەدانی جینۆساید لە دژی جووەکان و تاوانی جەنگ".
ئێرلەندا و نەرویجیش وەک هەفتەی رابردوو بەڵێنیان دابوو، هەر دوای ئیسپانیا بە فەرمی دانیان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا نا. ئاڵای فەڵەستینیش لە پەرلەمانی ئێرلەندا لە دوبلین بەرزکرایەوە.
سایمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا گوتی، "ئەمە ساتێکی گرنگە و پێموایە پەیامێک بۆ جیهان دەنێرێت کە هەنگاوی کردەیی هەیە کە دەتوانن هەڵیبێنن وەک وڵاتێک بۆ بەخشینەوەی ئومێد بە چارەسەری دوو دەوڵەت و زیندوو هێشتنەوەی".
ئیسپین بارز، وەزیری دەرەوەی نەرویج لە راگەیێنراوێکدا گوتی، "زیاتر لە 30 ساڵە نەرویج پاڵپشتیکارێکی بەهێزی دەوڵەتی فەڵەستین بووە. ئەمڕۆش کە نەرویج بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، رووپەڕێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان نەرویج و فەڵەستین".
هەرچەندە تاوەکو ئێستا 140 وڵاتی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان دانیان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، هیچ کام لە وڵاتە زلهێزەکانی رۆژئاوا، وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا روویان لەو هەنگاوە نەکردووە. ئێستا لە دوای بڕیاری دوو ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، دەکرێت پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل بەرەو کاڵبوونەوە بچن.
مەدرید هەر بەوەوە نەوەستاوە و داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات رێکاری توند بەرامبەر ئیسرائیل بگرێتە بەر بۆ هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر غەززە.
داوای دەوڵەتی سەربەخۆ مێژوویەکی کۆنی هەیە لەلای فەڵەستینییەکان، بەتایبەت لە دوای 1967ـەوە کە شەڕ لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل روویدا و فەڵەستین بەشێکی گەورەی خاکەکەی لەدەستدا.
بەرپرسانی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە دوای ساڵی 2001ـەوە چارەسەری دوو دەوڵەتیان لا پەسەندبووە و لە گفتووگۆدابوون لەگەڵ رۆژئاوادا، بەڵام لە 2007ـەوە حەماس هێزەکانی دەسەڵاتی فەڵەستینییان لە غەززە دەرکرد و تاوەکو ئێستاش بوونەتە رێگر لەبەردەم دروستکردنی ئەو دەوڵەتەدا. حەماس لای وایە دەسەڵاتی فەڵەستینی داردەستی رۆژئاوان و بە خیانەتکار و خاکفرۆشیان دادەنێت.
ئامانجی بزوتنەکەوەش "رووخاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەرکردنی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو خاکەیە فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن".