ئیسپانیا 1 ملیار و بەلجیکا 977 ملیۆن یۆرۆ هاریکاریی سەربازی دەدەنە ئۆکراینا

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

ئۆکراینا و بەلجیکا رێککەوتنێکی ئاسایشیان واژۆکرد کە تێیدا برۆکسل بەڵێنی ناردنی 997 ملیۆن یۆرۆ هاریکاریی سەربازی و 30 فڕۆکەی ئێف 16ی بۆ ئۆکراینا داوە. هەر دوێنێش ئیسپانیا بەڵێنی ناردنی 1 ملیار یۆرۆ هاریکاری بۆ ئۆکراینادا.

رۆژی سێشەممە 28-5-2024، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە " پابەندیی بەلجیکا بە هاریکاریکردنی وڵاتەکەمان دڵنیادەکاتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە جاری یەکەمە لە رێککەوتنێکدا بە دیاریکراوی ژمارەی فڕۆکە ئێف 16ـکان دیاری بکرێت کە 30 دانەن.

فڕۆکەکان تاوەکو ساڵی 2028 دەگەنە دەست ئۆکراینا و بەشێکیشیان هەر ئەمساڵ دەنێردرێن. هەروەها برۆکسل بە گوژمەی 977 ملیۆن یۆرۆی دیکە هاریکاریی سەربازیی دیکە دەداتە ئۆکراینا.

زیلنسکی دەڵێت، هاریکارییەکان لە ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی جەنگی، کەرەستەی بەرگریی ئاسمانی و دەریایی، پاکەرەوەی مین، گولەتۆپ و مەشق و راهێنانی سەربازانی ئۆکراینا پێکدێن.
لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بە هاوئاهەنگی لە پیشەسازی چەکیشدا کراوە. هەروەها جەخت لە توندکردنەوەی سزاکانی سەر رووسیا کراوەتەوە.

دی کرۆ، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا لە پۆستێکی ئێکسدا بڵاویکردووەتەوە، زیلنسکی داوای کەرەستەی تایبەت بە پاراستنی هاووڵاتییەکانی کردووە و ئەوانیش لە پاڵپشتیکردنیان رژدن".
هەر دوێنێش، زیلنسکی لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئیسپانیا بە بڕی 1 ملیار یۆرۆ هاریکاریی سەربای بۆ ئۆکراینا بنێرێت.
پێدرۆ سانچێز رایگەیاندووە، زۆر گرنگە ئێستا هاریکارییەکانمان دوو هێندە بکەین.

هاریکارییەکانی ئیسپانیا بریتین لە دەیان مووشەکی دژە فڕۆکەی پاتریۆتی ئەمریکی، 19 تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی و دژە درۆنی ئیسپانی.

سەردانەکەی زیلنسکی بۆ لای سەرۆک و سەرکردەکانی ئەوروپا لە کاتێکدایە، رووسیا هێرشێکی بەهێز و فراوانی بۆ سەر خارکیڤ دەستپێکردووە و دەڵێت ئامانجی دروستکردنی گەروویەکی ئارامە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار